جەنگی ئابووریی نێوان ئەمەریكا و چین گەرمتر دەبێت

:: AM:11:41:17/04/2018 ‌

جەنگی ئابووریی نێوان ئەمەریكا و چین دوای بڕیاریكی حكوومەت و دادگاكانی ئەمەریكا بۆ سزادانی یەكێك لە گرنگترین كۆمپانیاكانی چین، گەرمتر دەبێت و دیار نییە ئەو جەنگە ئابوورییەی لە نێوان ئەم دوو وڵاتە دەستی پی كردووە دواجار چ زیانیكی بۆ هەردوو لایەن لێ دەكەوێتەوە و كەی كۆتای پێ دێت.

بارگرژی ئابووریی نێوان ئەمەریكا و چین یەكەم جار دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا باجی نوێی خستە سەر بەرهەمی هاوردەكراو و لەو بڕیارەش زیاتر لە هەر وڵاتێكی تر چین كرایە ئامانج كە ساڵانە بڕیكی زۆری بەرهەمەكانی هەناردەی بازاڕەكانی ئەمەریكا دەكات.

مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ دەستی بە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی كرد كە لە قۆناغی یەكەم كۆمەڵیك كاڵا باجیان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام ژمارەیان كەم بوو. باجەكە بۆ سەر چەند بەرهەمێكی گرنگ بوو كە پۆڵا و ئەلەمنیۆم لە گرنگترین ئەو بەرهەمانە بوون و ناڕەزایەتی گەورەی لە وڵاتانی تریش بەدوای خۆیدا هێنا. یەكێك لەو وڵاتانەی كە لەم بڕیارە زۆر نیگەران بوو، چین بوو و بە ئاشكرا رای گەیاند ئەوەی ئەمەریكا دەستی پێ كردووە، جۆرێكە لە راگەیاندنی جەنگی ئابووری، بۆیە هۆشداری بە ئەمەریكا دا خۆی نەخاتە نێو ئەو جەنگە چونكە هیچ كامێكیان لێی سوودمەند نابن.

دواتر وەك تۆڵەسەندنەوە چین باجی بەسەر 128 بەرهەمی ئەمەریكا سەپاند كە لە بازاڕەكانی چین ساغ دەكرێنەوە و رێژەی باجەكە لە نێوان 15 تا 25% بوو.

جەنگەكە بەمە كۆتای پێ نەهات و ئەمجارەیان ئەمەریكا باجی بەسەر سەدان جۆر بەرهەمی چیندا سەپاند. هەر لە سەرەتای ئەم مانگە ئەمەریكا باجی خستە سەر هەزار و 300 بەرهەمی چین.

كەلوپەلی ئەلكترۆنیكی، پارچەی یەدەگی فڕۆكە و پێداویستی پزیشكی بەشێك بوون لەو بەرهەمانەی ئەمەریكا باجی بەسەردا سەپاندن. بڕی ئەو باجەش كە بەسەریاندا سەپێنرا بریتییە  25%ی نرخ. بەو پێیە ئەگەر پێشتر بەرهەمێكی چینی بە 100 دۆلار كڕابێت ئەمجارە بە 125 دۆلار دەگاتە ئەمەریكا.

 لە وەڵامی ئەوەشدا چین هەڕەشەی كرد كە دژی ئەمەریكا سكاڵا تۆمار دەكات و ئەو هەنگاوانەی ئەمەریكای بە پێچەوانەی یاسا و رێساكانی رێكخراوی بازرگانی جیهانی هەژمار كرد.

شەوی رابردووش ئەمەریكا كۆمپانیایەكی چینی سزا دا كە لە كاتی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران، كەلوپەلی ئەمەریكی بۆ ئێران ناردووە، بەگوێرەی بڕیارەكەش تا حەوت ساڵی تر هیچ كۆمپانیایەكی ئەمەریكی بۆی نییە لەگەڵ كۆمپانیای ZTE هیچ پێوەندییەكی هەبێت.

كۆمپانیا چینییەكە لە بواری كەلوپەلی گەیاندن چالاكی هەیە و لە ئەمەریكاش لە فرۆشتنی مۆبایل ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردووە. لە دادگایەكی تەكساس ئەو كۆمپانیایە دانی بەوە نا كە لە كاتی گەمارۆكانی سەر ئێران، هەندێك كەلوپەلی ئەمەریكی بۆ ئێران گواستووەتەوە.

تا ئێستە ئەو كۆمپانیایە بڕی 890 ملیۆن دۆلار سزا دراوە و لەوانەیە سزای تریشی بەسەردا بسەپێنرێت كە دەگوترێت ئەم سزا نوێیانەش دەگاتە 300 ملیۆن دۆلار.

بەگوێرەی "دۆیچەویلێ" هاوكات كۆمپانیاكە بەڵێنی داوە چوار لە بەرپرسانی خۆی دەربكات و 35 فەرمانبەریشی سزا بدات. پێ دەچێت ئەم بڕیارانەش كاریگەری بۆ سەر پێوەندییەكانی ئەمەریكا و چین هەبێت كە دەستیان بە جەنگێكی ئابووری دژی یەكتر كردووە.

دوای ئەو سزا نوێیەی ئەمەریكا، وەزارەتی بازرگانی چین بڵاوی كردەوە وەڵامی ئەو سزایانە دەداتەوە كە ئەمەریكا خستیە سەر كۆمپانیایەكی بەناوبانگی چین.

بەیاننامەكەی وەزارەتی بازرگانی چین ئەمڕۆ سێشەم بڵاو كراوەتەوە و تیایدا هاتووە، دەبوو ئەمەریكا لە جیاتی سەپاندنی سزا، رێوشوێنی یاسایی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی خۆشتر بكردایە و دەرفەتی تەواوی بۆ كۆمپانیا چینییەكە بدایە تا بەرگری لە خۆی بكات و وەك كۆمپانیاكانی تر سەیری بكردایە.

چین گوتوویەتی بە تەواوی بەرگری لە مافە رەواكانی كۆمپانیاكا نی چین دەكات لە هەر شوێنێكی دنیا بن.

هاوكات كۆمپانیای ZTE كە بە گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنەری مۆبایلی زیرەك لە دنیا هەژمار دەكرێت. لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند بە هێزێكی زیاتر وەڵامی ئەو سزایەی ئەمەریكا دەداتەوە.

كۆمپانیاكە گوتوویەتی كار لەسەر هەموو وردەكارییەكانی ئەو دۆسیەیە دەكات و دواتر وەڵامەكە ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت، چ رێوشوێنێك  بەرانبەر بە ئەمەریكا دەگریتە بەر.

ئەمجارەیان نۆرەی چینە بەرانبەر بە ئەمەریكا رێوشوێنێكی نوێیتر وەربگرێت، هەڵبەت پێویستە ئاماژە بەو خاڵەش بكرێت كە چین دەستی بەوەش كردووە چیتر بە دراوی دۆلار نەوت نەكڕێت و داوای لە سەرجەم كۆمپانیاكانی خۆی كردووە هیچ مامەڵەیەكی نێودەوڵەتی بە دۆلار نەكەن، ئامانجەكەی چینیش ئەوەیە پێگەی دراوی فەرمیی وڵاتەكەی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكا بەهێز بكات و دۆلاری ئەمەریكاش لە مامەڵە نێودەوڵەتییەكانی پەراوێز بخات و ببێتە هۆی دابەزینی بەهای دۆلار.





وشە - سلێمان تاشان