وەزیری بەرگریی ئێران بۆچی لە بەغدایە؟

:: PM:03:05:18/04/2018 ‌


ئەمڕۆ چوارشەم 18ی نیسان، ئەمیر حاتمی وەزیری بەرگریی ئێران بەسەردانێكی رانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا، ئەمەش یەكەمین سەردانی وەزیرانی بەرگریی ئێرانە بۆ عێراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا. بەرپرسانی عێراقیش دەڵێن سەردانەكە رەهەندی سیاسی و سەربازی هەیە و چەندان دۆسیەش هەن لە گفتوگۆكاندا دەخرێنە بەرباس گرنگترینیان دۆسیەی سووریا.

بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، حاتەمی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عیرفان حیالی هاوتا عێراقییەكەی و فەریق یەكەمی ركن عوسمان غانمی سەرۆك ئەركانی سوپا و فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی كۆ دەبێتەوە.

ئاژانسی ئێرنای ئێرانی دەڵێ، ئامانجی سەردانی حاتمی بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگی سەربازی و تەناهیی نێوان هەردوو وڵاتە لەگەڵ پێشوەچوونەكانی ئەم دوایییەی ناوچەكە و گورز وەشاندنەكەی لە سووریا درا.

 لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا چەندان ئەفسەری پلەباڵای سوپا و بەرپرسانی پاسەوانی سنوور و هێزی دەریایی ئێرانی لەگەڵ حاتمی هاتوون و سەردانەكەش ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.

لەسەر سەردانەكەی حاتمی، بەرپرسانی عێراقی ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن پێ دەچێ پێنج دۆسیە لە سەردانەكە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق گەنگەشە بكرێت كە بەشێك لە دۆسیەكان رەهەندی سیاسییان هەیە، لەوانە دۆسیەی سووریا یەكەمین دۆسیە دەبێت كە لەگەڵ عەبادی و بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەكرێت لەو رووەی رەزامەندی عێراق بۆ بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ لێدان لە سووریا و دووبارەكردنەوەی رێی سەرەكی و دەرەكی بەستنەوەی عێراق بە سووریا لە رێی هەردوو دەروازەی سنووری قائیم و وەلید.
 
ئەو بەرپرسەی دیوانی وەزارەتی بەرگریی عێراق كە لەبارەی سەردانی ئەمیر حاتمی وەزیری بەرگریی ئێران بۆ عێراق زانیاری داوە بە "عەرەبی جەدید"، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئێران دەیەوێت پەلە بكرێت لە كردنەوەی رێی نێودەوڵەتیی نێوان بەغدا و دیمەشق تا بتوانێت رێیەكە بەكار بهێنێت بۆ گواستنەوەی كەلوپەلی پێویست لە رێی وشكانی لە تارانەوە بۆ دیمەشق.

زیاتر گوتی "یەكێكی تر لە دۆسیەكانی گفتوگۆ پرسی قەرزی كەڵەكەبووی سەر عێراقە كە لە سەردەمی ویلایەتی دووەمی مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتر گرێبەستی كڕینی چەك و تفاق لەگەڵ ئێران واژوو كرابوو، هێشتا پارەكەی نەدراوە"، گوتی "دۆسیەیەكی تریش دامەزراندنی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشە بۆ رێگرتن و رێگریكردن لەو چەكدارانەی هەوڵ دەدەن لەسەر سنووری هاوبەشی عێراق و ئێران دزە بكەنە ناو ئێران لە رێی سنوورە هەزار كیلۆمەترییەكەی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەت ئەوانەی دەیانەوێت نەوتی خاو و مادەی هۆشبەر دزە پێ بكەن".

ئەو سەرچاوەیە لەبەر هەستیاری سەردانەكە نەیویست ناوەكەی بڵاو بكرێتەوە، ئەوەشی خستەڕوو دۆسیەی پێنجەم كە لە سەردانی حاتمی لە نێوان بەغدا و تاران گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئەنجامدانی زنجیرەیەك ئۆپراسیۆنی هاوبەشە لە نێوان هەردوو وڵات، گوتی "تەواوی ئەو پێنج دۆسیەیە پێش ئەنجامدانی سەردانەكە بە تەلەفۆن قسەی لەسەر كراوە".

پێوەند بە سەردانەكە، بەرپرسێكی باڵای عێراقی دووپاتی دەكاتەوە كە حاتمی لە سەردانەكەیدا چەند دۆسیەیەك لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی تاوتوێ دەكات كە جێی گرنگی هەردوولان، لەوانە پرسی هاوئاهەنگی سەربازی و پڕچەككردن، پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوانیان بۆ رێگریكردن لە دزەكردنی چەكدارانی داعش بۆ ناو ئێران.

ئەو بەرپرسە باڵایە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، دەڵێ دۆسیەی هەرە گرنگ لەو سەردانەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت پەرسەندنەكانی دۆخی سووریا و گورزە سەربازییەكەی بەری كەوت لەم هەفتەیە لەلایەن ئەمەریكا و بەریتانیا و فڕەنسا، چونكە ئێران نیگەرانە لە سیاسەتی عەبادی لەسەر دۆسیەی سووریا.

ئەوەشی گوت، "سەردانەكە تەنیا دیداری فەرمی نابێت، بەڵكو حاتمی چاوی بە مالیكی و دەستەی حشدی شەعبیش دەكەوێت لەوانە هادی عامری و ئەبو موهەندیس و هەندێك سەركردەی تر".

جێی باسە ئێران ترسی لە هەڵوێستەكانی عەبادی هەیە كە دەیەوێت لەسەر هێڵێكی بێلایەنی لەسەر دۆسیەی سووریا بوەستێت و كۆنتڕۆڵی میلیشیا ئێرانییەكانیش لە عێراق بكات تا دەست وەرنەدەنە كاروباری ناوخۆی سووریا بۆ پشتگیریكردن لە رژێمی ئەسەد.

پێوەند بەو پرسە هەفتەی رابردوو نووری مالیكی جێگری سەرۆك وەزیران چاوی كەوت بە ماكسیم ماكسیمۆڤ باڵوێزی رووسیا لە بەغدا، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە هاوئاهەنگی و پشتگیری بوو لە رژێمی بەشار ئەسەد، هاوكات مالیكی هەر لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ سەركردەكانی میلیشیاكانی حەشد دیداری تایبەتی هەبووە و بە تەلەفۆنیش پێوەندی بە بەرپرسانی ئێرانی كردووە.

سەردانەكەی ئەمیر حاتمی وەزیری بەرگریی ئێران بۆ عێراق لە كاتێكدایە لایەنە سیاسییە عێراقییەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردن و ئامادەكاریدان بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 12ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هاوكات حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لەو كەسایەتییانەیە بە نزیك لە رۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی ئەژمار دەكرێت بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ خولی داهاتوو، ئەمەش ئێرانی نیگەران كردووە و هەوڵی نزیككردنەوەی رەوت و حزبە شیعییەكان دەدات بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەك بۆ دوای هەڵبژاردن تا جێ بە عەبادی لێژ بكەن.



وشە - فه‌رمان سادق