گرتەیەكی ڤیدیۆیی ژنێكی سعوودیە دەسەڵاتداران دێنێتە دەنگ

:: AM:09:35:22/04/2018 ‌
دەستەی گشتی وەرزش لە سعوودیە بڕیاری داخستنی یانەیەكی وەرزشی ژنانی لە وڵاتەكەی دەركرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەناو هۆڵی وەرزشی یانەكە كە ژنێك بە جلی ڕۆژئاوایییەوە سەما دەكات، ئەمەیش بە تەواوی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی تەنیوەتەوە و سعوودییەكانی بێزار كردووە.

ئەو هۆڵە وەرزشییە تایبەت بۆ ژنان ماوەیەكە لە دەوروبەری ناوچەی لبنی ڕۆژئاوای شاری ڕیاز كراوەتەوە و حەلیمە بۆلندی میدیاكانی كوێتیش لە نزیك ئەو شوێنە ژیان بەسەر دەكات، ئەو چووەتە ناو هۆڵە وەرزشییەكە و لەگەڵ ڕاهێنەرە توونسییەكەی لەجیاتی وەرزش، دەستی بە سەما كردووە و گرتەی ڤیدیۆیی ئەو كاتەیشی تۆمار كردووە و بڵاوی كردووەتەوە.

میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە بڕیاریان داوە لێكۆڵینەوە لەگەل حەلیمە بۆلند بكەن، بەهۆی ئەوەی ڤیدیۆیەكی نەشیاوی لە سعوودیە تۆمار كردووە و بڵاوی كردووەتەوە، جیا لەوەیش ئاگەداریان كردووەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك نابێ گرتەی ڤیدیۆی تر و رێكلام لە وڵاتە تۆمار بكات و بڵاوی بكاتەوە.

سعوود قەحتانی ڕاوێژكار لە دیوانی شاهانەی سعوودیە لەوبارەوە گوتی، ئەمە بە بڕوای سعوودییەكان كارێكی تەواو خراپە و پێویستە بە تەواوی بنەبڕ بكرێ و بڕیارەكەی دەستەی گشتی وەرزشی وڵاتیش یەكلاكەرەوە و خێرا و بەجێ بوو، ئێمەیش هەر چاوەڕێی هەنگاوی لەمجۆرەمان دەكرد.



وشە - باز ئه‌حمه‌د