كچێك لەبەر هەژاری لەشفرۆشی دەكات

:: AM:09:42:22/04/2018 ‌

كچێك دوای ئەوەی دایك و باوكی جیا دەبنەوە، لەگەڵ دایكی و دوو خوشكی بەتەنیا دەژین و كەس نییە هاوكارییان بكات و ناشخوێنێ. بەگوتەی خۆی "دەستی بە لەشفرۆشی كردووە و لەڕێیەوە خەرجی خێزانەكە دابین دەكات"، هەرچەندە دایكیشی ئاگاداری ئەو كارەیە، بەڵام لەبەر هەژاری و ژیانی خۆی و منداڵەكانی، بێدەنگی هەڵبژاردووە وەك ڕەزامەندی بۆ كچەكەی.

سارا /٢٧ ساڵ/ لەسەر داوای خۆی ئەو ناوەی بۆ بەكار دێنین، دوای ئەوەی دایك و باوكی جیا دەبنەوە، باوكی حاشایان لێ دەكات و كەسیش نابێت خەرجییان بكێشێت. بۆیە ماوەیەك لەگەڵ دایكی كاری پاككردنەوەی ماڵان و كۆمپانیا دەكەن تا دایكی نەخۆش دەكەوێت و پزیشك كاركردنی لێ قەدەغە دەكات. سارا بە ناچاری بە تەنیا كار دەكات و هەر ئەو ماوەیە سەرەتای دەستكردن بە فرۆشتنی لەشی دەبێت.
ئەو كچە چیرۆكی فرۆشتنی جەستەی لەپێناو بەدەستهێنانی نان بۆ خێزانەكەی لە "وشە" دەخاتە ڕوو كە بە بۆچوونی خۆی، "بڕیاری وازهێنان لە لەشفرۆشی، هێندەی دەست پێكردنەكەی ئەستەمە". 
بە ماكسییەكی سووری درێژەوە پرچی بەستبوو لەژێر لەچكێكی كاڵدا، سارا چوارمشقی لە خانوویەكدا لە سلێمانی دانیشتبوو، لەوكاتەی پەیامنێری "وشە" چووە دیداری و وەك ئەوەی دەیزانی چیرۆكەكەی باس دەكات، بە دەنگی بەرز بەر لە گفتوگۆكە گوتی، "لەكوێوە باسی ئەو ژیانە پیسەم بۆ بكەم، باسی ناپیاوی باوكم یان ناپیاوی و داوێنپیسی ئەو پیاوانەی دەستم ماچكردن تا كارێكی شەریفانەم پێ بدەن بۆ ئەوەی داهاتێكی حەڵاڵم هەبێ بۆ دایكی داماو و خوشكە قوڕبەسەرەكانم، كە لەوانەیە داهاتووی ئەوانیش لەمن باشتر نەبێت، ئیتر پێم ناڵێی لە كوێوە دەست پێ بكەم".
ساڵێك پێش ئەوەی دایك و باوكی سارا لە یەكتر جیا ببنەوە، سارا هاوسەرگیری دەكات لەگەڵ خزمێكی باوكی، بەڵام هەر چەند مانگێك لەگەڵی دەبێت و پیاوەكە لێی جیا دەبێتەوە. بەدوایدا دایك و باوكیشی جیا دەبنەوە، لەوێوە دەكەونە ژیانێكی سەختی بێ بەرپرسیار، بۆیە بۆ خۆبژێوی كار دەكەن لەگەڵ دایكی. بەگوتەی خۆی "ئەوكاتەی دایكم توانای كاری نەما، زۆر هەوڵم دا من بێكار نەبم، وەك خزمەتگوزار لە كۆمپانیایەك وەرگیرام، دوای ماوەیەك خاوەن كارەكە رازی كردم لە بەرانبەر دەبڵكردنەوەی مووچەكەم سێكسی لەگەڵ بكەم، ئەوە سەرەتای ئەو ژیانە ناچارییەیە كە من هێشتا بەردەوامم تیایدا".
سارا ئەوە ناشارێتەوە كە وازهێنان لە لەشفرۆشی هێندەی دەست پێكردنی ئەستەمە. ئاماژە بەوەیش دەكات كە لەبەر خۆشی و چێژ، لەشی خۆی ناخاتە بەرانبەر پارە، بەڵكو وەك خۆی دەڵێ، "لەشفرۆشی وەك تلیاك وایە، كاتێك تێدەكەویت ئیتر دەرچوون نییە بە مردن نەبێت، چونكە لەلای هەندێك وێنە و لای ئەویتر ڤیدیۆ و لای یەكێكی تر هەندێ خاڵی لاواز جێ دەهێڵی. ئەو پیاوانەیش بەهۆی ناشەریفییان، ئەوانە دەكەن بە كارت و هەركات ئارەزوویان بوو لە دژت بەكاری دێنن، بۆیە دەرچوون لەو كارە زۆر ئەستەمترە لەوەی هەر كەس لە دوورەوە بڵێت وازهێنان باشترین شتە" .
سارا لەوكاتەی لەچكەكەی لە ملی كردەوە بە دەنگێكی نزم گوتی، "پیاو زۆر لەوە گەوجترە كە لە ماڵەوە بەسەر ژنەكەیدا دەنەڕێنێ و خۆی وەك پاشا دەردەخات"، چونكە بۆ كەسێكی وەك من، بە "پارەی خۆیشی" ئینجا وەك ئاژەڵ هەڵیدەسووڕێنم، كەچی لای خەڵك وەك مەردایەتی باسی سێكسەكە دەكات، لە كاتێكدا ئەوە هیچ ئارەزوویەكی تیادا نییە بە پارەكەی دەستی دەكەوێ نەك پیاوەتی خۆی، بۆیە ئەو پیاوانە سووكن.
چەند دڵۆپێك فرمێسك چاوی سارا تەماوی دەكەن و بە هەنسكێكی سەختەوە كە نە قسەكانی ئاسایی دەكاتەوە و نە دەبێت بە قوڵپەی گریان، دەڵێ "ئەوان سووكن و ئێمەیشیان سووك كردووە، بۆیە لەم دنیایەی ئێمە و پیاوە پارەدارەكان دەژین، دنیای بێ كەرامەتییە".
وەك زۆربەی ئەوانەی جەستەیان بۆ پارە دەفرۆشن، سارا تووشی كێشە بووە و چەند هەفتەیەكیش بەهۆیەوە لە جێ كەوتووە، خۆی ئەو حاڵەتە وا دەگێڕێتەوە، "جارێك دوو كوڕی گەنج مامەڵەیان لەگەڵ كردم كە هەریەكەیان بەجیا بێنە لام و حەقەكەشم بدەنێ، چووینە شوقەیەك، كەچی دوو كوڕی تریشی لێ بوو، من ئەگەر لەشفرۆشیش بم پرەنسیپی خۆم هەیە و سێكسی بە كۆمەڵ ناكەم، بۆیە كردم بە هەرا، بەڵام ئەوان چوار بوون، بە لێدان و هەزار جنێو و سووكایەتییەوە هەرچواریان هاتنە لام، دواتر یەكێكیان بردمی و تۆزێك لە دوور شوقەكە فڕێی دام، بەهەزار حاڵ تاكسیم گرت و گەیشتمە ماڵ، ئەوكاتە نزیكەی مانگێك لە جێ كەوتم، هەم جەستەم تێكچوو بوو هەم دەروونم زۆر خراپ بوو، جا نەگبەتی ئێمە لەوەدایە نە دەتوانین سكاڵا تۆمار بكەین لای پۆلیس نە داوای مافیشمان بۆ دەكرێ".
بەڵام ئەو ڕووداوە نەبووە هۆی ئەوەی سارا واز لە كارەكەی بێنێت و دووبارە دەگەڕێتەوە ناو دنیاكەی خۆی، بەڵام تەنیا بەوە دڵخۆشە كە "بە پارەی لەشی من خێزانەكەم بە خۆشبەختی دەژین" و باس لەوە دەكات كە ئەو دەزانێت چارەنووسی فەوتاوە، بەڵام بەقسەی خۆی "ئەگەر واز بێنم، خێزانێك دەفەوتێت".

وشە/ هەولێر- ئیڤان عەبدوڕەحمان


وشە - تایبه‌ت