لە دهۆك خەڵووز بە نهێنی بەرهەم دەهێنرێت

:: PM:02:56:22/04/2018 ‌
لە سنووری پارێزگای دهۆك بە دوو شێوە خەڵووز دروست دەكرێت كە یەكێكیان بە رێی سۆپای دار و ئەوەی تریش بە رێی كوورەی خەڵووز، ئەوە لەكاتێكدایە كە دروستكردنی رەژوو بە رێی كورەی خەڵووز قەدەغە كراوە، بەڵام بەنهێنی ئەو كارە ئەنجام دەدرێت.

كۆڤان ئورەماری هاووڵاتییەكی شارەدێی شێلادزێی سەر بە شارۆكەی ئامێدیە و بە "وشە"ی گوت، ساڵانە لە وەرزی زستاندا لە رێی سوپای دار خەڵووز دروست دەكەین و دواتر خەڵووزەكان لە بازاڕ دەفرۆشین و بەشێكیش لەو خەڵووزانە لە گەشت و سەیراندا بۆ دروستكردنی خواردن بەكاری دەهێنین.

زیاتر گوتی، لە وەرزی بەهاردا بازاڕی خەڵووز گەرمە و داواكاری زۆری گەشتیارانی لەسەرە كە لەو سنوورە بەشێك لە هاووڵاتییان لە رێی فرۆشتنی خەڵووز داهاتی خۆیان پەیدا دەكەن.

پێی یاسایی ژمارەی نۆی ساڵی 2013ی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروستكردنی خەڵووز بەتایبەتی لە رێی كوورەی خەڵووز قەدەغە كراوە، چونكە هەندێك لە هاووڵاتییان داری تەڕ بۆ دروستكردنی خەڵووز بەكار دەهێنن و ئەمەیش كاریگەری زۆر لەسەر نەمانی دار و خراپبوونی ژینگە دەكات.

ئەحمەد تۆڤی خاوەنی فرۆشگایەكە تایبەت بۆ فرۆشتنی خەڵووز لە شارەدیێ شێلادزێ كە ڕێژەیەكی باشی رەژوو كڕین و فرۆشتنی پێ دەكات. ئەو بۆ "وشە" گوتی، هەرچەند دروستكردنی رەژوو لە رێی كوورەوە قەدەغە كراوە، بەڵام هەندێك لە هاووڵاتییان لەچەند شوێنێك بە نهێنی ئەو جۆرە خەڵووزە دروست دەكەن.

زیاتر گوتی، لە سنووری پارێزگای دهۆك بە دوو شێوە خەڵووز دروست دەكرێت كە یەكێكیان لە رێی سۆپای دار لە وەرزی زستاندا و ئەوەی تریش لە رێی كوورە خەڵووز لە وەرزی بەهاردا دروست دەكرێت، ئێستە لە سنووری پارێزگای دهۆك خەڵووز لە رێی كورەی خەڵووز لە دەڤەری "بەرێ گارێ" و دەڤەری "زێباری" دروست دەكرێت، بەڵام رێژەكەی زۆر كەمە.

"خەڵووز زیاتر لە وەرزی بەهاردا دەفرۆشرێت بەتایبەت ئەو گەشتیارانەی ڕوو لەو سنوورە دەكەن زیاتر دەیكڕن و عەلاگەیەك خەڵووز بە سێ‌ هەزار دینار دەفرۆشرێت". ئەو فرۆشیارە وای گوت.

لای خۆیەوە ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ بە "وشە"ی راگەیاند، دروستكردنی خەڵووز هەر لە كۆنەوە بووەتە پیشەی هەندێك كەس، بەڵام دروستكردنی دەبێت بە مۆڵەتی یاسایی و ژینگەی و بە چاودێری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ بێت.

ئەو بەرپرسەی كشتوكاڵ زیاتر گوتی، ئەو كەسانەی كە خەڵووز دروست دەكەن بە تایبەتی لە رێی كوورەی خەڵووز جگە لە وەرگرتنی مۆڵەت، پێویستە تەنیا داری وشك لە دروستكردنی خەڵووزدا بەكار بێنن و لەكاتی بە بازاڕكردنی خەڵووزەكەیش جارێكی تر پێویستە مۆڵەت وەربگرنەوە، چونكە ئەگەر بەم شێوەیە نەبێت ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە.

كوورەی خەڵووز بە قەبارە و شێوەی جیاواز دروست دەكرێت ئەویش بە هەڵكۆڵانی چاڵێك كە لە نێوان یەك بۆ دوو مەتر قووڵ و فرەوانە.

دهۆك/  نەوزاد هلۆری










وشە - سه‌رخێڵ هاشم