وردەكاری دیداری سەرۆكی هەردوو كۆریا خرایە ڕوو

:: AM:09:56:24/04/2018 ‌

بەرپرسێكی نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆریای باشوور ئاشكرای كرد، لووتكەی مێژوویی لە نێوان سەرۆكی كۆریای باشوور مۆن جییە و سەرۆكی كۆریای باكور كیم جۆنگ ئۆن، خوانی ئێوارەیشی لەگەڵ دەبێ و بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆیش پەخش دەكرێ.

ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لووتكەی نێوان سەرۆكی كۆریای باكور و باشوور بەردەوامی هەیە و لە هەموو ڕوویەكەوە وردەكاری تەواو بۆ هەردوولا خراوەتە ڕوو، كاتی بەیەكگەیشتنی هەردوو سەرۆك و شوێنی پەڕینەوەی سەرۆكی كۆریای باكور لە سنووری نێوان هەردوو كۆریا.

كاتی كۆبوونەوەكە هەینی داهاتوو واتە 27ی نیسان/ئەپریل دەبێ،  بڕیارە سبەی سێشەم تەواوی ئامادەكارییەكان بە كۆتا بێن و دانیشتنی لووتكەیش لە ناوچەی بانمونجۆمی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات دەبێ.

ئاژانسی یونهابی كۆریای باشوور لە كون هیوك كی گوتەبێژی نووسینكەی سەرۆكایەتی كۆریای باشوور گواستییەوە، هەردوو كۆریا ڕێككەوتوون كە كۆبوونەوەی لووتكە لە پێش نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی دەست پێ بكات، ئەندامانی شاندی كۆریای باشوور لە پێنج كەس پێكهاتوون و لەگەڵ لایەنی كۆریای باكور سێ گەڕی گفتوگۆ و دانوستاندن لەسەر چۆنیەتیی دیدارەكە لە ڕووی تەناهی و پرۆتۆكۆل و دیپلۆماسی و ڕووماڵی میدیایی دەكەن و دەگەنە ڕێككەوتن.

دیارەكە لە دیوی كۆریای باشووری ناوچەی بانمونجوم و ناوچەیەكی داماڵراو لە چەك و پڕ لە تەناهی دەبێ، بەڵام تا ئێستە دیار نییە كیم جۆنگ ئۆن بە چ ئامرازێكی گواستنەوە سنووری كۆریای باشوور تێدەپەڕێنێ و دەگاتە شوێنی كۆبوونەوەكە.

نیمچە دوورگەی كۆریا لە دوای جەنگی دووەمی جیهان لەلایەن زلهێزانەوە بۆ دووبەش لەت كرا، بەشێكیان پێوەستن بە سیستەمی شیوعیەت و سۆڤیەتەوە و بەشی باشووریشی نزیكن لە سیستەمی سەرمایەداری و وڵاتانی ڕۆژئاواوە، بەهۆی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی و پەرەپێدانی مووشەكی بالیستی لە سێ ساڵی ڕابردوو پێوەندییەكانی كۆریای باكور و ئەمەریكا گەیشتنە خراپترین ئاست و مەترسی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی لێ دەكرا، بەڵام لە كۆتادا كۆریای باكور ڕەزامەندی دەربڕی بە داماڵینی له چەكی ئەتۆمی، ئەمەیش لەلایەن ترەمپ و ئەمەریكا پێشوازی لێ كرا.



وشە - باز ئه‌حمه‌د