"وشە" زانیاری لەبارەی هاتنی عەبادی بۆ سلێمانی بڵاو دەكاتەوە

:: PM:05:34:24/04/2018 ‌
گوتەبێژی لیستی نەسڕ لە شاری سلێمانی ئاشكرای دەكات حەیدەر عەبادی لە كاتی سەردانی كردنی بۆ شاری سلێمانی هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجام نادات و سەردانەكەی وەك سەرۆكی لیستی نەسڕ دەبێت و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە.

ئەمڕۆ سێشەم 24ـی نیسان/ ئەپریل، ئیبراهیم ڕەشید گوتەبێژی لیستی نەسڕ لە سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی حەیدەر عەبادی سەرۆكی لیستی نەسڕ سەردانی شاری سلێمانی دەكات، بەڵام سەردانەكەی  وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق نییە و وەك سەرۆكی قەوارەیەكی هەڵبژاردن دەبێت.

گوتەبێژی لیستی نەسڕ دەڵێت، هاتنی عەبادی بەبێ‌ كۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و هیچ كۆبوونەوەیەك ناكرێت، عەبادی تەنیا كاندیدەكانی لە سلێمانی بەسەر دەكاتەوە.

ڕەشید ئاشكرای كرد لە هەفتەی داهاتوو عەبادی بۆ بەسەركردنەوەی كاندیدەكانی سەردانی هەولێر و دهۆكیش دەكات.

بەهۆی ئەوە لە ڕابردوو دژایەتی كوردی كردووە و بەڵێنەكانی جێبەجێ‌ نەكردووە، بۆیە سەردانی عەبادی بۆ سلێمانی ناڕەزای هاووڵاتییانی لێ‌ كەوتووەتەوە و داوا دەكەن كە لە سلێمانی كەرنەڤاڵی لیستەكەی بۆ ئەنجام نەدرێت.
لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانیو دوو كاندیدیتاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبەركێلەسەر 46 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.



وشە - رامیار جەواد