ڕیزەكانی گۆڕان و كۆمەڵ هەڵدەوەرێن

:: PM:06:40:24/04/2018 ‌
كادیرێكی ڕاگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامی لە سنووری شارۆكەی چەمچەماڵ و هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی وازیان لە حزبەكانیان هێنا و پێوەندییان بە لایەن و حزبی ترەوە كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 24ی نیسان/ ئەپریل، هەوراز كاوە كادیری پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی چەندان ساڵە وەك ڕۆژنامەنووس و سەرپەرشتیاری كەناڵی ناوخۆی كۆمەڵی ئیسلامی لە سنووری چەمچەماڵ كاردەكەم، بەڵام دەست لەكاركێشانەوەی لە حزبەكەی ڕاگەیاندووە.

زیاتر گوتی، وازهێنانی لە كۆمەڵی ئیسلامی دوای ئەوەندە ساڵەی كاركردن كۆمەڵێك هۆكاری هەیە، بەڵام ئەگەر لە داهاتوو كاری حزبی بكاتەوە ئەوە پێوەندی بە لایەنی تری سیاسییەوە دەكات كە جیاوازی زۆر بێ‌ لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی.

لەلایەكی ترەوە هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی ڕای گەیاند، كە وازی لە گۆڕان هێناوە و پێوەندی بە حزب و گرووپی ترەوە كردووە.

هەر ئەمڕۆ كابان شەعبان هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لە ئاگادارییەكدا كە وێنەیەكی بۆ"وشە" ناردووە ڕای گەیاندووە، وازم لە گۆڕان هێناو پێوەندیم كردووە بە نەوەی نوێ و كار بۆ سەرخستنی نەوەی نوێ دەكەم.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەند كەسێكی تر لەناو ئەو حزبانە وازیان هێناو پێوەندییان بە لیست و قەوارەی ترەوە كردووە و هاوكات زۆرترین وازهێنان لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم