بۆچی هێرشە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە سووریا سنووردار بوو؟

:: PM:06:44:24/04/2018 ‌

لە 14ی ئەم مانگە هەرەیەك لە ئەمەریكا و فڕەنسا و بەریتانیا گورزێكی مووشەكیان لە ژمارەیەك ئامانجی حكوومەتی سووریا دا لە دوای تۆمەتباركردنی بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە هێرشەكەی دوایی بۆ سەر شاری دۆما، كە سنوورداری هێرشەكە بووە هۆی سنوورداری كاریگەرییەكانی بۆ سەر ئابووری دنیا و ناوچەكە و بازاڕەكانی دراو و نەوت لە دنیا.

لەوەڕا پێدەچێت كە هەرسێ وڵات باش دركیان بەوە كرد كە هەر گورزێكی فرەوانی سەربازی لە سووریا نەك تەنیا زیانی سەربازی لێ دەكەوێتەوە، بەڵكو زیانی ئابووری لەسەر ئاستی دنیا دەبێت كە خۆی لە هاتنی نەوت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەرییە ئەگەركراوەكان بۆ سەر هاتنی گازی سروشتی لە رووسیاوە بەرەو كیشوەری ئەوروپا دەبینێتەوە.

بەر لە گورزە مووشەكییەكەی رۆژئاوا بۆ سووریا، ژمارەیەك بەرپرسی رووسیا وریاییان دا لە ئەگەری دەستوەردانی راستەوخۆی سەربازی لەو وڵاتە، ئەوان زیاتر لەوە باسی ئەگەری وەڵامدانەوەی هەر گورزێكیان كرد و ئەناتۆلی ئەنتۆنۆڤ، باڵوێزی رووسیا لە واشنتن لەو بارەوە گوتی، ئەو جۆرە كارانە بێ سزا تێپەڕ نابن و ئەو گورزە سووكایەتییەكی قبووڵ نەكراوە بۆ ڤلادیمێر پووتینی سەرۆكی رووسیا، ئەوەش جیا لە سەركۆنەكردنی ئێران بە گورزەكە كە ئاماژەی كرد دۆخی سووریا و ناوچەكە ئاڵۆزتر دەكات. 

چەند لایەنێك ئاماژەی بۆ ئەوە دەكەن كە وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەتی ئەمەریكا وایان داناوە كە وەشاندنی گورزێكی فرەوانی سەربازی لە سووریا رەنگە بیخاتە ناو رووبەڕووبوونەوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە ئەوەش لێكەوتەی زۆری دەبێت كە رەنگە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی واشنتن نەگونجێن، بەتایبەتی ئەوەی پێوەستە بە زیانە ئابوورییەكان كە رونگە دووچاری ئابوورییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا بێتەوە.  

سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە ململانێكان تیادا بوونە هۆی دابەزینی توانای ئابووری لە ساڵانی رابردوو كە چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی داهاتوو لە ئاستێكی ئاست نزم بمێنێتەوە كە بەپێی بانكی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكرێت كە تێكڕای گەشەسەندن لەو ناوچەیە بۆ 2018 باشتر بێت و بگاتە ئاستی 3.1% دوای ئەوەی لە 2017 گەیشتە 2%. 

ئەوەش مانای وایە كە هەر گورزێكی فرەوانی سەربازی ئێستا كاریگەری هەیە بۆ سەر ئابووری ناوچەكە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی پشت بە چەند كەرتێكی خزمەتگوزاری دەبەستن وەك گەشتیاری و فڕۆكەوانی. بۆیە بەر لە سێ رۆژ لە گورزەكە رێكخراوی ئەوروپا بۆ سەلامەتی ئاسمانی (یۆرۆ كۆنترۆل) وریایی دایە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە وریا بن بەهۆی ئەگەری هێرشێكی ئاسمانی لە ماوەی 72 سەعات. 

هەروەها چەند ناوەندێكی ئابووری مەترسی خۆیان لە زیانگەیاندن بە چەند كەرتێكی سەرەكی وڵاتانی دراوسێی سورویا دەربڕی وەك لبنان، لە ئەنجامی فرەوانتربوونی كردە سەربازییەكە، بەتایبەتی ئەگەر چەند رۆژێك بخایەنێت، لەو كاتەی كەرتی گەشتیاری بۆ ئابووری لبنان زۆر گرنگە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشەوە گورزە سەربازییەكە لەناو پاشەكشەیەكی ئابوورییەكانی جیهانییەوە هات بەهۆی بوونی مەترسی جیۆسیاسی و دابەزینی نرخی كاڵا سەرەتاییەكان و كەمبوونەوەی خواستی دنیایی، جیا لە ناكۆكییەكانی بازرگانی لە نێوان ئەمەریكا و چین و چەند وڵاتێكی تر.

بۆیە سنوورداری گورزە سەربازییەكە بۆ سەر سووریا لەگەڵ ئەو راستییە دەگونجا كە هەریەك لە بازاڕەكانی دنیای كاڵا و نەوت و كانزا سەرەكییەكان و دراو بە شێوەیەكی كاتی بە گۆڕانكاری و رووداوە جیۆسیاسییەكانەوە كاریگەر دەبن، لەو ناوەشدا نرخی نەوت لە دنیا دەستی بە بەرزبوونەوە كرد تا ئاستی زیاتر لە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوەی بە هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەمەریكا بە نیازی وەشاندنی گورزێك بۆ سووریا. 

بەڵام هەندێك راستەی تر بەدووری دەزانن كە كاریگەری ئاڵۆزییەكانی ئێستای سووریا بۆ سەر نرخی نەوت بەردەوام بێت، كاتێك پێشبینی دەكرێت نرخی نەوت بگاتەوە ئاستی پێشووی خۆی لە نێوان 60-70 دۆلار بۆ بەرمیلێك بە كاریگەری هۆكاری تر وەك خواستی دنیا لەسەر نەوت و بڕی خستنەڕووی نەوتی خاوی ئەمەریكا.  

لەپاڵ ئەوە گورزە سەربازییەكەی سووریا رووناكی خستە سەر ئەگەری هاتنە ناو رووبەڕووبوونەوەی سەربازی چەند لایەنێكی تر كە دەبنە هەڕەشە بۆ هاتوچۆی نەوت لە ناوچەكە و كاریگەریان بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی، جیا لەوە بەشداریكردنی لەندەن و پاریس لەو گورزە مەترسی بۆ سەر دوارۆژی چوونی گازی رووسیا بۆ ئەوروپا و پڕۆژەكانی تری راكێشانی لوولەی گواستنەوەی گاز بۆ چەندان وڵاتی ئەوروپا دروست كرد بە شێوەیەك كە رەنگە هەڕەشە لە ئاسایشی وزە لە ئەروپا بكات، بەتایبەتی كە گازی رووسیا 33%ی پێویستییەكانی ئەوروپا دابین دەكات كە دەكاتە 162 ملیار مەتر سێجا كە ئەوەش هۆكارێكە كە ئەڵمانیا بەشداری لە گورزە مووشەكییەكەی سووریا نەكرد.   

دەتوانین بڵێین كە هۆكارە ئابووری و جیۆسیاسییەكان پاڵیان بە وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەتی ئەمەریكا وەنا بۆ خۆ بەدوورگرتن لە وەشاندنی گورزێكی فرەوانی سەربازی لە سووریا كە رەنگە زیانێكی گەورەی بە ئابووری هەموو لایەنەكان گەیاندبێت، لەناو چەندان تەنگژەی ئابووری كە ئێستە دنیا بەخۆیەوەی دەبینێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل