"وشە" وردەكاری فڕێدانی نارنجۆكێك بۆ ماڵی بەرپرسێكی پێنجوێن ئاشكرا دەكات

:: PM:08:54:24/04/2018 ‌
لە رووداوێكی تەمومژاویدا و لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە، نارنجۆكێكی دەستی فڕێ درایە، ماڵی لێپرسراوی بەشی بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی شارۆكەی پێنجوێن و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوە و گرتنی ئەوانەی لەپشت رووداوەكەن دەست پێ كردووە.

ئەمڕۆ سێشەم 24ی نیسان/ ئەپریل، شەماڵ عەزیز وەك شایەتحاڵێكی ڕووداوەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لەیەكێك لە گەڕەكەكانی ناو شارۆكەی پێنجوێن، لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە، نارنجۆكێكی دەستی فڕێدرایە ماڵی لێپرسراوی پۆلیسی پێنجوێن و جگە لەزیانی مادی، هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە.

هاوكات لەراگەیاندراوێكی پۆلیسی پێنجوێن هاتووە، تەواوی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی سنوورەكە، دەستیان بەئەنجامدانی گەڕان و لێكۆلێنەوە كردووە و تائێستەیش نەتوانراوە بكەرانی پشت ئەو كارە بگیرێن و  لێكۆڵینەوەیش بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەنجامدەرانی رووداوەكە، لەكامێراكانی چاودێرییش دەركەوتوون، بەڵام لەكاتی رووداوەكەدا، چەتر بەكارهێنراوە و نەهێڵدراوە، لەكامێراكانی چاودێریدا رووخساری كەسەكان دەربكەوێت.

"وشە" چەندان جار پێوەندی بە بەرپرسانی ئیداری و تەناهیی سنووری پێنجوێن كرد، بەڵام بەشێكیان وەڵامی پێوەندیەكانیان نەدایەوە و بەشێكی تریشیان ئامادە نەبوون لەوبارەیەوە هیچ روونكردنەوەیەك بدەن.

شارۆكەی پێنجوێن، نزیكەی 98 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و ژمارەی دانیشتووانەكەی بەنزیكەی 50 هەزار كەس دادەنرێت و لەدوو شارەدێ و زیاتر لە 200 گوند پێكهاتووە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی




وشە - سه‌رخێڵ هاشم