خۆپێشاندەران ڕێی بەغدایان داخست

:: AM:11:51:25/04/2018 ‌
خەڵكی شارەدێی وەحدەی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا، ڕێی سەرەكی نێوان بەغدا و شاری كووتیان گرت و هاتوچۆی لێ وەستێنرا، دوای ئەوەی خەڵكی ڕژانە سەر شەقامەكە و داوای باشكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی وەك ئاوەڕۆ و كارەبایان كرد.

پێگەی "غەدپرێس" بڵاوی كردەوە، خۆپێشاندەرانی شارەدێی وەحدە تەنیا ئەمڕۆ خۆپێشاندان ناكەن، بەڵكو لەسەر ناڕەزایەتییەكانیان بەردەوام دەبن، تا خزمەتگوزاری تەواو بۆ ناوچەكەیان دابین دەكرێ، هەڕەشەی ئەوەیش دەكەن، بە یەكجاری شەقامی سەرەكی بەغدا-كووت دادەخەن، تا ئەو كاتەی خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین دەكرێ.

كێشەی كەمئاوی و نەبوونی ئاوەڕ و زێراب، كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی شەقام و ڕێگەوبان گەورەترین گرفتی خەڵكی شارەدێی وەحدەن و بەغدا لە دوای 2003ەوە هیچ پڕۆژەیەكی بۆ جێبەجێ نەكردوون، هەرچەندە ئەوان بەردەوام ناڕەزایییان دەربڕیوە، بەڵام كەس گوێی بۆ نەگرتوون.

بەگوێرەی داتاكانی ناوەند و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، عێراق یەكێكە لە گەندەڵترین وڵاتانی دنیا و دزینی پارە بە پڕۆژەی وەهمی یەكێكە لە گرفتە گەورەكان و تەنیا لە كەرتی كارەبا بڕی زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بەهەدەر دراوە، كەرتی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانی تریش بە هەزاران پڕۆژەیان بۆ كراوە، بەڵام تەنیا لەسەر كاغەز بوون و هیچیان جێبەجێ نەكراون.


وشە - باز ئه‌حمه‌د