فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردمانی قەندیل دەكەن

:: PM:01:49:25/04/2018 ‌
لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەمەوە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە بیانووی بوونی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بنای قەندیلیان لەسنووری شارۆكەی ڕواندز بۆردمان دەكەن.

كوێستان ئەحمەد قایمقامی شارۆكەی ڕواندز لە لێدوانێكدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە سەعات 12ی نیوەڕۆوە تا كەمێك بەر لە ئێستە دوو فڕۆكەی جەنگی توركیا بە سەختی گوند و ئاوایییەكانی گەلی بەدران، سەرگەلیلە لە سنووری شارەدێی وەرتێ و سورەدێ و ناوچەكانی كریسكان بە چڕی بۆردمان دەكەن.

زیاتر گوتی، بەهۆی بۆردمانەكە زیانی گیانی بەر هاووڵاتییانی سڤیل نەكەوتووە و زیانی چەكدارانی پەكەكەش نەزانراوە، هەمیشە بەهۆی بۆردمانەكانیش ژینگەی دەڤەرەكەمان زیانی زۆری پێ دەگات، داوایش لە هێزەكانی پەكەكە دەكەین لە گوند و ئاوایییەكان دوور بكەونەوە بۆ ئەوەی خەڵمی سڤیل نەبنە قوربانی شەڕی نێوان ئەوان و توركیا.

بە گوێرەی بەدواداچوونێكی "وشە" جیا لە بۆردمانی بناری قەندیل لە سنووری ڕواندز، فڕۆكەكانی توركیا بنكە و بارەگاكانی پەكەكەیان لە سنووری سیدەكان و دەڤەری برادۆستیش بۆردمان كردووە.

بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ ناوچەكانی قەندیل لە كاتێكدایە لە دوای ساڵی 1984ەوە پەكەكە و توركیا شەڕی چەكداری لە نێوانیان دەستی پێ كردووە، لە 2011 تا 2013 ئاگربەست لە نێوان هەردوولا ڕاگەیەنرا و پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ كرد، بەڵام لە 2014ەوە شەڕ لە نێوان هەردوو دەستی پێ كردەوە و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.

ڕواندز/ موڕشید برادۆستی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د