دوای نەمانی داعش ئامانجی مانەوەی ناتۆ لە عێراق چییە؟

:: AM:11:55:26/04/2018 ‌


دوای داعش، عێراق سەركردایەتی دانیشتنێكی كۆنگرەی پەرلەمانی وڵاتانی ناتۆی كرد، ئامانجی كۆنگرەكەش مانەوەی ناتۆ بوو لە عێراق لەرووی سەربازییەوە. ئێرانیش ئەو هەنگاوەی ناتۆ بە مەترسی بۆ سەرخۆی دادەنێ و دژی دامەزراندنی بنكەی سەربازی هەمیشەیی لە عێراق.

پاش ئازادكردنی مووسڵ لە تشرینی دووەمی 2017 و كۆتاهێنان بە داعش، عێراق سەركردایەتیی كۆنگرەی "داهاتووی عێراق و سووریا دوای داعش" بۆ پەرلەمانەكانی وڵاتانی ناتۆ كرد. ئەمەش یەكەمجارە عێراق سەركردایەتی وەها كۆنگرەیەك بكات و وڵاتانی بەشدار لە كۆنگرەكە بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسەكە بخەنەڕوو.

كۆنگرەكە بەشێك بوو لە هەوڵەكانی ناتۆ بۆ سەلماندنی مانەوەی خۆی لەعێراق دوای داعش، ینس ستولتنبرگ ئەمنیداری گشتی ناتۆ لە كۆنگرەكە رای گەیاند كە ئەوان راهێنان بە هێزە عێراقییەكان دەكەن و دامەزراوەی سەربازی ئەكادیمی دادەمەزرێنن.

پڕۆفیسۆر جاسم یوونس حەریری پسپۆڕ و شارەزا لە زانستە سیاسییەكان و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەڵێ یەكێك لە ئامانجەكانی مانەوەی ناتۆ لە عێراق رێگریكردنە لە چەكدارە توندڕۆكان تا دزە نەكەن بۆ ئەوروپا، هەوڵ دەدەن ئەوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیر بكەن، بۆ ئەمەش دەیانەوێت راهێنان بە سوپای عێراق بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر گرووپێكی چەكداری توندڕەو لە داهاتوودا.

بەڵام مانەوەی ناتۆ لە عێراق گرفتی یاسایی هەیە و پێویست دەكات نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری لەسەر بدات و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش پەسندی بكات. عالیە نسەیف وا دەڵێت. ئەوەش دەخاتەڕوو كە حكوومەتی عێراق مافی ئەوەی نییە رەزامەندی نیشان بدات لەسەر مانەوەی هێزی بیانی لەسەر خاكەكەی، چونكە ئەمە پێویستی بە رەزامەندی نێودەوڵەتی و گەلی عێراق هەیە.

هەر لەسەر ئەو پرسە ستولنتبرگ رای گەیاند كە هێزەمانی ناتۆ لە عێراق دەمێننەوە، ئەمەش لەسەر داوای حكوومەتی عێراق. بۆ ئەمەش جاسم محەمەد جەعفەر پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا دەڵێ، مانەوەی هێزی بیانی ئەگەر مەبەست لێی راهێنان و راوێژكاری بێت، ئەوا لە دەسەڵاتی سەرۆك وەزیراندایە، بەڵام ئەگەر مەبەستی تر هەبێت، ئەوا دەبێت رەزامەندی پەرلەمانی بۆ وەربگیرێت، چونكە بەگوێرەی رێككەوتنی سەربازی نێوان عێراق و ئەمەریكا هیچ هێزێك بۆی نییە بنكەی سەربازی لە عێراق دامەزرێنێت، بەڵام پرسی راهێنەرانی سەربازی لە دەسەڵاتی عەبادیدایە.

 مێژووی بوونی هێزی ناتۆ لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ 2003 لەوكاتەی رژێمی بەعسیان رووخاند، تا ئێستەش لەناو ناتۆ كۆدەنگی نییە رۆڵی ناتۆ لە مانەوەی ئەو هێزە لە عێراق، بۆیە زیاتر وڵاتانی ئەڵمانیا و فڕەنسا و بەلجیكا و ئیسپانیا وەك دەوڵەت كۆمەكی سەربازی و راهێنان پێشكەش بە عێراق دەكەن، جگە لەمە ناتۆ لە عێراق رووبەڕووی چەندان ئاڵنگاری بووەتەوە، دیارترینیان بەگوێرەی توێژینەوەیەك ئەمانەن:

یەكەم: ناتۆ دنیابینی بەرانبەر بە شیعەی عێراق نەرێنییە و زیاتر كەوتووەتە ژێر هەژموونی پڕۆژەی ئەمەریكی بۆ دامەزراندنی هەرێمێكی سوننە لە رۆژئاوای عێراق، ئەم پڕۆژەیەش توركیا و سعوودیە رۆڵی گرنگی تێدا دەبینین.

دووەم: پشتگوێ خستنی لۆجیكی دانیشتووانی عێراق كە زۆرینە شیعەیە، بۆیە هەر دەستوەردانێكی جیۆگرافی یان كۆمەڵایەتی یان دابەشكردنی چالاكی ئابووری زیاتر تەنگژەكان لەعێراق قووڵتر دەكاتەوە.

سێیەم: ئەمەریكا گرەو لەسەر پڕچەككردنی سوننە دەكات و هەروەها رۆڵێكی سیاسی زۆر زیاتری پێ دەدات لەوەی كە هەیەتی بۆ شەڕكردن دژی تیرۆر، بەڵام لەمەدا ئەویش ململانێ ناوخۆیییەكانی ناو هەرێمە سوننەكەی فەرامۆش كردووە كە ململانێی نێوان هەژموونی عەشیرەتەكان دەرفەتی گەڕانەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان زیاتر دەكات.

پڕۆفیسۆر حەریری لەو وتارەیدا كە لە رۆژنامەی "قودس" بڵاو كراوەتەوە، باس لە روانگەی ناتۆ دەكات بۆ عێراق و پێی وایە ناتۆ دەیەوێت وێنەی خۆی لە عێراق بگۆڕێت و جێی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بگرێتەوە، هەروەك ئۆرسولا فون دیر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاشكرای كرد، ناتۆ دەبێت تیشك بخاتەسەر دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەجۆرێك تا چەند ساڵی داهاتوو بتوانێت بەخۆی سەقامگیری وڵاتەكەی بپارێزێت، ئەویش بە دروستكردنی بینای وەزارەتی بەرگری و رێگەوبان و هاوكاریكردنی حكوومەتی عێراق.

بەڵام وڵاتانی هەرێمایەتی، بەتایبەت ئێران دژی مانەوەی ناتۆیە لە عێراق. عەلی ئەكبەر ویلایەتی گەورە راوێژكاری خامەنەیی دەڵێ، ناتۆ دەیەوێت بنكەی سەربازی هەمیشەیی لە عێراق دامەزرێنێت، بۆیە بەرەی بەرگری رێ نادات ناتۆ بنكەیەكی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرێنێت وەك رێیش نادات ئەمەریكا بوونی لە رۆژهەڵاتی فوڕات هەبێت.

لەسەر ئەو پرسە ئەمەریكا بێلایەن نەبووە، بەڵكو لە بەرانبەر هەستیاری ئێران لە هەبوونی بنكەیەكی سەربازی ناتۆ لە عێراق هەمیشە دەڵێ بوونی ناتۆ لە عێراق گرنگە، پشتگیری فراوانبوونی رۆڵی ناتۆش لە عێراق دەكەین، چونكە هەبوونی ئەوان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ سەقامگیریی ناوچەكە.

ئەنتۆنی لیك راوێژكاری ئەسایشی نەتەوەیی ئەمەریكی نایشارێتەوە كە وڵاتەكەی هەموو شتێك بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندییە زیندووەكانی دەكات، ئەمەشە هۆكاری بوونی ئەو هێزە لە عێراق و بەردەوامیش دەمێنێتەوە.



وشە - فه‌رمان سادق