لە سلێمانی قوتابییەك بەهۆی لێدانی لەلایەن مامۆستاكەیەوە باری دەروونی تێك دەچێت

:: PM:04:23:08/05/2018 ‌
دوو ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن مامۆستایەكی شاری سلێمانی لە قوتابییەك دەدرێت، بەو هۆیەوە ئەو قوتابییە باری دەروونی تێك دەچێت و سكاڵا لەسەر مامۆستاكە تۆمار دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئایار، محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سكاڵای باوكی قوتابییەك هەیە لەسەر مامۆستایەك كە لە كوڕەكەی داوە.

گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، لەسەر ئەو سكاڵایە ئێمە چاوەڕوانی ڕاپۆرتی كۆتاین.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاتووە، رۆژی 6/5/2018 هۆبەی یاسا و سكاڵا لە نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی لە رێی فەرمانگەی داواكاری گشتی سلێمانییەوە بەدواداچوونی یاسایی كرد بۆ سكاڵای باوكێك كە منداڵێكی تەمەن 10 ساڵانی لە قۆناغی چوارەمی بنەڕەتی لەلایەن مامۆستاوە لێی دراوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هاتووە، بەو هۆیەوە باری دەروونی قوتابییەكە ناجێگیرە، ئێستە لێكۆڵینەوە لەم كەیسەدا دەكرێت و سەرۆكی داواكاری گشتی بەڵێنی دا بەدواداچوونی یاسایی ورد لەو بابەتەدا ئەنجام بدرێت.

لێدانی قوتابی لەلایەن مامۆستاوە بەپێی ڕێنوێنییەكانی پەروەردەی بەهەموو شێوەیەك قەدەغە كراوە لە ڕابردوودا.



وشە - رامیار جەواد