وەرین چوار شووی كردووە و لە پیاوێكی تریش دووگیان بووە

:: PM:02:53:13/05/2018 ‌
"وەرین" ژنیكی تەمەن 37 ساڵە دانیشتووی شاری سلێمانییە، دوای چوار جار هاوسەرگیری ئێستە بە تەنیا دەژیت، دواین منداڵیشی كە كوڕێكی تەمەن چوار ساڵانە لەبەر ئەوەی لە یانەیەك كار دەكات لە شەواندا، ناتوانێت كوڕەكەی بەخێو بكات و كوڕەكەی داوەتە ماڵێك بۆی بەخێو بكەن لە بەرانبەر ئەو كارەشیدا دەڵێت، مرۆڤ ئەگەر ناچار بێت جەرگی خۆیشی فڕێ دەدات وەك چۆن "من فڕێم داوە".

جگە لەو كوڕە وەرین شەش منداڵی تری هەیە، بەڵام ئەوان لەلای باوكیانن و هیچ پێوەندیەكییان بە دایكیانەوە نییە، وەرینیش وەك خۆی باسی دەكات هیچ ئاگایەكی لێیان نییە و تەنیا ئەوەندە دەزانێت كە دوو منداڵی لەگەڵ باوكیان چونەتە دەرەوەی وڵات، وەرین باسی چیرۆكی بوون بە دایكێكی بێ هەست بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، "ئەوەندەم چەشت تا گەیشتمە ئەوەی سۆزم بۆ خۆشم نەبێت نەك بۆ منداڵ و مێرد و دەوروبەرم".

چیرۆكی وەرین لێرەوە دەست پێ دەكات و ئەو دەڵێت، "ماڵی باوكم لە تەمەنی 17 ساڵی بە زۆر هاوسەرگیرییان لەگەڵ پیاوێك پێ كردم بە قەدەر باوكم بوو، ماوەیەك لەگەڵی ژیام زۆر خراپ بوو لە گەڵم نان و شەقی دەدامێ، خزمێكی خۆی هەڵی خەڵاتاندم و بەیەكەوە ڕامان كرد و چووینە توركیا لەوێ سێ ساڵ ژیام و دوو منداڵم بوو، لەگەڵ ئەویش نەمتوانی بگونجێم و جێم هێشتن و گەڕامەوە بۆ سلێمانی، بۆیە لێرەیش دووجار هاوسەرگیریم كرد و چوار منداڵی ترم بوو. ئەو گوتی "ئەو چوار منداڵەی لێرەن هیچیان لەبارەوە نازانم، تەنیا ئەوانەی توركیا دەزانم لەگەڵ باوكیان لە سوید دەژین".

لەبارەی ئەو كوڕەی كە ئێستە داویەتی بە ماڵێك بۆی بەخێو دەكەن وەرین دەڵێت، ئەو كوڕەم لە پیاوێك بوو بەنیاز بووین هاوسەرگیری بكەین، بەڵام دووگیانی كردم و جێی هێشتم، لەوكاتەی ئەویش جێی هێشتووم هەر ماوەیەك و لەگەڵ كەسێكم دەژیام، هەندێك جاریش بە تەنیا دەژیم "بێگومان تێدەگەن هەر ماوەیە و لەگەڵ كەسێك دەژیام چۆن ژیانێك بووە"، ئێستە كارەكەم باشە دەتوانم هەم خۆمی پێ بژێنم هەم كرێی بەخێوكردنی منداڵەكەم بدەم.

لەبارەی نەتوانینی بەخێوكردنی منداڵەكەی وەرین گوتی، من ئێستە ئەوم لە ماڵێكی زۆر باش داناوە و جوانتر لە من پەروەردەی دەكەن، من خۆم ناخ و بوونم وەك كەسێكی نەبوو وایە، لە كوێ دەتوانم بەو هەموو خەمەی لە كۆڵمە منداڵ بەخێو بكەم، بۆ هەر كەسێك ئاسانە خوێندنەوەی ئەو قسانەی نووسراون یان بیستینیان، بەڵام كێ دەزانێ من ئەو ساڵانەم بە برسیەتی و ماندوویەتی و بێ كەس و لانەی چۆن بەڕێ كردووە. كێ دەزانێ من بەرگەی چیم گرتووە و چیم دیوە تا ناخم بووە بەبەرد، من نە ماڵی باوكێكی باش نە مێردێكی باش نە هاوڕێ و كەسێكی باشم نەبووە، ئەوەی هاتووەتە ژیانم لە كچ لە كوڕ تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكاری هێناوم و جێی هێشتووم.

وەرین ناوی ڕاستەقینەی خۆی نییە، بەڵكو ئەو ناوەیە دوای گەڕانەوەی لە توركیا بۆ سلێمانی لە خۆی ناوە، ئەو دەڵێت ئەو كوڕەی كە لە حەوت منداڵ وەك تاقانە بۆی ماوەتەوە هەروا وێڵی نەكردووە، بەڵكو بەردەوام سەردانی دەكات و هەموو پێداویستییەكی بۆ دابین دەكات، دووپاتیش لەوە دەكاتەوە، ئەگەر شێوازی ژیانی ئاوا نەبووایە، ناچار نەدەبوو ببێت بە كەسێك كە لە هەموو شتێك دەچێت لە دایك نەبێت. وەرین ئاماژە بەوەش دەكات كە دەیەوێت لە داهاتوودا لەگەڵ ئەو كوڕەی بەتەنیا بژی و دەڵێت، ئێستە بەهۆی تێكچوونی باری دەروونیمەوە سەردانی پزیشك دەكەم، هەوڵی تەواو دەدەم بۆ ئەوەی بتوانم داهاتێكی باشم هەبێت لەگەڵ كوڕەكەم پێی بژیم هەرچەندە ئەوە ئێستە زۆر قورسە، بەڵام بۆ داهاتوو مەحاڵ نییە.

هەولێر/ ئیڤان عەبدوڕەحمان

 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم