ساته‌كانی ته‌واوبوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان، ئه‌گه‌ر له ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان تا ئاستێك ئاسایی بێت، ئه‌وا له گه‌رمیان به تایبه‌ت له زێدی به‌جێماوانی ئه‌نفال، ئێواره‌یه‌كی ترسناك بوو، به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی پێكدادانی چه‌كداری له نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان.
رووداوه‌كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به گومانكردن له ده‌نگه‌كانی یه‌كێتی ده‌ستی پێ كرد كه زیاتر بوو له پێشبینی و راپرسییه‌كان و جگه له یه‌كێتی خۆی، هه‌موو حزبه‌كان تۆمه‌تی ساخته‌كاری ئه‌لیكترۆنییان دایه پاڵ ئه‌و حزبه و ئێران. له ده‌نگه‌كانی پارێزگای سلێمانیدا، دواتر به رفاندنی ژماره‌یه‌ك سندووقی ده‌نگدان له‌لایه‌ن گۆڕان له شاره‌دێی رزگاری سه‌ربه كه‌لار و وه‌رگرتنه‌وه‌ی به زه‌بری هێز، گرژییه‌كه ته‌قه‌ی تێكه‌وت.
گه‌رمیان حه‌سه‌ن گه‌نجێكی دانیشتووی رزگاری كه شایه‌تحاڵی رووداوه‌كه‌یه بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا، زۆری نه‌ما جارێكی تر دێوه‌زمه‌ی شه‌ڕی براكوژی له گه‌رمیانه‌وه ده‌ست پێ بكاته‌وه، پاش ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌م ئێواره‌ی رۆژی ده‌نگداندا كۆمه‌ڵێ چه‌كداری گۆڕان و یه‌كێتی به چه‌كه‌وه به‌رانبه‌ر یه‌كیان گرت و ته‌قه‌یان له یه‌كتر كرد.
وه‌ك گه‌رمیان حه‌سه‌ن باسی ده‌كات ئێواره‌یه‌كی سامناك بووه و بۆنی شه‌ڕ هاتووه. بۆیه دووپاتی ده‌كاته‌وه "ئه‌و ئێواره خه‌ڵكی به‌جێماوی ئه‌نفال له ترسا دووكان و ده‌رگه‌ی ماڵه‌كانیان داخست".
رائید عه‌لی جه‌مال گوته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان، بۆ "وشه" زانیاریی جیاوازی راگه‌یاند و ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه ئێواره‌ی 12ی ئایار كۆمه‌ڵێك سندووقی ده‌نگدان له شاره‌دێی رزگاری له‌لایه‌ن هه‌ندێك له هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕانه‌وه برا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست هه‌ژماری ده‌نگه‌كان بكرێت، به‌ڵام دواتر سندووقه‌كان گه‌ڕێنرانه‌وه بۆ شوێنی خۆیان. دووپاتی ده‌كاته‌وه "ئێمه وه‌ك پۆلیس بۆ پاراستنی ئارامی وێستگه‌كانی ده‌نگدان، سندووقه‌كانمان گه‌ڕانده‌وه شوێنی خۆی".
به‌رپرسی راگه‌یاندنی پۆلیسی گه‌رمیان، بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌وه‌یشی دركاند كه ئه‌و هه‌ڵسووڕاوانه‌ی گۆڕان كه سندووقه‌كانیان رفاند، ژماره‌یان زیاتر له 10 كه‌س ده‌بوو، هه‌ندێكیان ناسراون و هه‌ندێكی تریان نه‌ناسراو. به‌گوته‌ی ئه‌و "فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رچووه و تا ئێسته نه‌گیراون".
له به‌رانبه‌ردا محه‌مه‌د عه‌بدوڵا به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی 11ی رێكخستنی گه‌رمیانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به"وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕان كارێكی نه‌گونجاویان كرد و بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یشیان ئێمه وه‌ك یه‌كێتی حكوومه‌ت و ده‌زگه ته‌ناهییه‌كانمان راسپارد ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. دووپاتی كرده‌وه "ئێمه نامانه‌وێ ئاڵۆزی دروست بكه‌ین له‌گه‌ڵ هیچ هێزێك".
به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیانی یه‌كێتی ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه حزبه‌كه‌ی له رابردوودا دۆڕانی قبووڵ كردووه و ده‌بێ هێزی تریش قبووڵی بكات.
به‌ڵام هیوا رۆسته‌م رێپێدراوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌رپرسی ژووری راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌كه له گه‌رمیان، بۆ "وشه" دڵنیایی ده‌دات كه سندووقه‌كان راده‌ستی ئیداره‌ی گه‌رمیان و كۆمسێۆن كراونه‌ته‌وه. به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێ "ئه‌وه به‌و مانایه نییه كه وازمان له مافی خۆمان و ده‌نگده‌ر هێنابێت".
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له ئیداره‌ی گه‌رمیان، بۆ "وشه" ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ئێواره‌ی رۆژی هه‌ڵبژاردن په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان په‌لاماری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی گه‌رمیانی داوه له‌ناو باره‌گای ئیداره‌ی گه‌رمیاندا، به‌ڵام به‌گوته‌ی ئه‌و "كۆمه‌ڵێ به‌رپرس ناوبژیوانیان كردن".
له‌باره‌ی ورده‌كاری گرژییه‌كه، سه‌رچاوه‌كه‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان ددانی به‌وه‌دا نا كه مه‌حموود عومه‌ر په‌رله‌مانتاری گۆڕان زۆر به توندی له عه‌مید محه‌مه‌د فایه‌ق هاته ده‌نگ و ده‌نگی به‌سه‌ردا به‌رز كرده‌وه و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه ئاسانكارییان كردووه بۆ ساخته‌كاری.
له گه‌رمیان گه‌نج و هه‌ڵسووڕاوانی گۆڕان له‌وه نیگه‌رانن كه له ساڵانی رابردوو كه نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌بوو گۆڕان پاش پارتی هێزی دووه‌م بوو، به‌ڵام له یه‌كه‌م ئه‌زموونی بێ ئه‌ویدا یه‌كێتی سته‌می لێ كردن.
شاخه‌وان ئه‌حمه‌د ده‌نگده‌ری گۆڕانه له كه‌لار، بۆ "وشه" ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "مادام گۆڕان هێزی چه‌كداری نییه، یه‌كێتی هه‌میشه به هێز بێده‌نگی ده‌كات". به‌ڵام به‌گوته‌ی ئه‌و گه‌نجه "هه‌ر بێده‌نگی و ترسنۆكی گۆڕان وای كرد زۆر ده‌نگده‌رمان بایكۆتی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، چونكه كه‌س نییه به‌رگریمان لێ بكات".
وشه/ كه‌لار- سه‌بری هۆرێنی