خۆپێشاندان لە شارێكی ئێران توندوتیژی لێ كەوتەوە

:: AM:11:46:17/05/2018 ‌

شەوی رابردوو لە شاری كازرونی پارێزگای فارسی ئێران خۆپێشاندان كراوە و دواتر خۆپێشاندانەكە توندوتیژی لێ كەوتووەتەەوە، لە ناو خۆپێشاندەران حاڵەتی كوژران و برینداربوون تۆمار كراوە و چەندان كەسیش گیراون. ئەمڕۆ پێنجشەمیش خۆپێشاندان لە شارەكە درێژەی هەیە و خەڵك تووڕەتر لە جاران هاتوونەتە سەر شەقام و دژی حكوومەت دروشم دەدەن

سەرەتا خەڵك لە رێی راگەیەنراوێكی تێلێگرامەوە لە شوێنی خۆپێشاندان كۆ بوونەتەوە و هێرشیان كردووەتە سەر بارەگایەكی پۆلیس لە سەنتەری شاری كازرون.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ناڕەزایەتی خەڵكی كازرون بەهۆی پرسێكی ئیداری شارەكەیانە و پێشتریش چەندان جار خۆپێشاندانیان كردووە، بەڵام یەكەم جارە ئەو خۆپێشاندانەیان بە توندوتیژی دەگات.

بەگوێرەی میدیاكانی ئێران لەو خۆپێشاندانەدا كەسێك كوژراوە و شەشی تر بریندار بوون. بڕیارە بەگوێرەی دوایین دابەشكاری ئیداری شار و شارۆكەكان هەندێك بەشی كازرون جیا بكرێتەوە و بە شارێكی تر گرێ بدرێت بە ناوی كوهچنار كە تازە كراوەتە شار.

هەندێك سەرچاوەی دەرەكیش وەك "موجاهیدینی خەلقی ئێران" باسی لە كوژرانی دوو كەسیان كردووە و دەڵێن، ئەمڕۆ وتارخوێنی نوێژی هەینی كازرون چووەتە نیو خەڵكەكە و ویستوویەتی خەڵك ئارام بكاتەوە، بەڵام خەڵك لە دژی ئەو دروشمیان داوە و ئەویش بە ناچار لە شوێنەكە دوور كەوتووەتەوە.

خۆپێشاندانەكانی پێشتر هۆكار بوو لەوەی حكوومەت لەو بڕیارەی پەشیمان ببێتەوە. ئەوان دوو مانگ لەمەوبەر دروشمی توندیشیان دژی رژێمی ئێران دا و گوتیان "دوژمنی ئێمە هەر لێرەیە درۆیە دەڵێن ئەمەریكایە."

لە ئێران خۆپێشاندان بۆ هەر مەبەستێك بكرێت دواجار دروشم دژی رژێم دەدرێ و هۆكارەكەشی ئەوەیە بە گشتی لە ئێران خەڵك لەو رژێمە بەزاڵە هاتووە و بچووكترین دەرفەتی بۆ بڕەخسێت، حەز دەكات دژی بوەستێت و كوڵی دڵی خۆی هەڵبڕێژێت.






وشە - سلێمان تاشان