پارتی: 25 كورسیمان مسۆگه‌ر كردووه‌ و 80 سكاڵایشمان تۆماركردووه‌

:: PM:12:19:17/05/2018 ‌
بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی ئاشكرای كرد، پارتی 25 كورسی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەر كردووە و نزیكەی 80 سكاڵایشی لەسەر هەڵبژاردن بە گشتی تۆماركردووە، زۆرینەی سكاڵاكانیش لە سلێمانین.

خەسرۆ گۆران بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، پارتی لە دەنگدانی دەرەوە هەشت هەزار و 486 دەنگی بەدەست هێناوە، هێشتا دەنگی هەولێر و دهۆك و نەینەوایش ماون، چونكە 240 سندووقی بەهۆی گرفتی تەكنیكییەوە لەگەڵ مانگی دەستكرد پێوەست نەبوون، بەوهۆیەوە براونەتە بەغدا و لەوێ دەژمێردرێنەوە.

ئاماژەی دا، دوای جیاكردنەوەی دەنگی ئەو سندووقانەیش پێشبینی دەكەین دەنگی پارتی زیاتر بێ، ئەمڕۆیش كۆمیسیۆن دەستی بە جیاكردنەوەی دەنگی ئەو سندووقانە كردووە و هی ئەو سێ شارە و شارەكانی تریش، پێشبینی دەكەین كۆمیسیۆن بتوانێ تا سبەی ئێوارە ئەنجامی 99%ی دەنگەكان بتوانی بڵاو بكاتەوە.

گۆران دووپاتی لەوە كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان 25 كورسی پەرلەمانی مسۆگەر كردووە و لە مووسڵیش تا ئێستە شەش كورسی مسۆگەرە، لە دهۆكیش 10 كورسیمان بردووە و لە سلێمانیش كورسییەك بەدەست هاتووە، 80 سكاڵایشمان لەسەر هەڵبژاردن تۆماركردووە، زیاترینی لە سلێمانی بووە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د