گۆڕان: لەگەڵ عەرەبەكان هاوپەیمانی دەكەین بۆ خزمەتی عێراق

:: AM:09:49:21/05/2018 ‌
پەرلەمانتارێكی گۆڕان ئاشكرای كرد، زۆر دوورە لەوەی هاوپەیمانی كوردستانی دروست ببێتەوە، ئێمە ناچینە ناو هاوپەیمانییەكە و باشترە لەگەڵ فراكسیۆنە عەرەبییە جیاوازەكان هاوپەیمانی ببەستین بۆ خزمەتی عێراق.

شیرین ڕەزا پەرلەمانتاری گۆڕان لە خولی ماوە بەسەرچووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، یەكڕیزی لە نێوان لایەنە كوردییەكان بوونی نییە، لەو بڕوایەدا نین لە داهاتوویش هاوپەیمانی لە نێوان سەرجەم حزبە كوردییەكان دروست ببێ، كورد دابەش بوون و تەنیا لە هەندێ پرس لە بەغدا دەتوانین هاوڕا بین.

زیاتر گوتی، ئێمە نامانەوێ لەگەڵ پارتی و یەكێتی هاوپەیمانی ببەستین، ناكۆكییەكان زۆرن و ناتوانرێ تێبپەڕێنرێن، بۆیە ئەگەری هاوپەیمانیمان لەگەڵ فراكسیۆنە عەرەبییە جیاوازەكان زۆرە، بۆ ئەوەی فراكسیۆنێكی فرەوان بۆ خزمەتی عێراق پێك بهێنن كە خاوەن ڕوانگەیەكی ڕوون بێ بۆ دژایەتی گەندەڵی و گەندەڵكاران، بۆیە لە بەغدا دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی تری عەرەبی دەكەین، بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان.

ئەو قسانەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، لە كاتێكدایە دوێنێ یەكشەمیش ئەمین بەكر پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد، ئەوان لەگەڵ پێكهێنانی هاوپەیمانی لیستە كوردییەكان نین و دژی ئەوەن لەگەڵ پارتی و یەكێتی بچنە هاوپەیمانییەكەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د