مەرجەكانی كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق چین؟

:: PM:10:10:22/05/2018 ‌

لە 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بەڕێوە چوو و بەوەش یەكەم هەنگاو بۆ خولێكی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكوومەت و هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەست پێ كرد، شارەزایەكی یاسایی دەڵێت كە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەر لە وادەی خۆی دەستی پێ كردووە و باسی مەرجەكانی كاندیدبوون دەكات. 

تاریق حەرب، شارەزای یاسایی و دەستووری عێراق لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، لە 21ی ئەم مانگە هەریەك لە هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دارایی و دەرەوەی عێراق و عومەر بەرزنجی، باڵوێزی عێراق لە ڤاتیكان كاندیدكردنی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق راگەیاند، زێباری لەو بارەوە گوتی كە 14 ساڵ خزمەتی لە دەرەوەوی عێراق كردووە.

زیاتر گوتی، بەپێی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2012 پێویستە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دوای راگەیاندنی پێشكەشكردن بێت لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی نوێوە، لەو كاتەی گەیشتنی براوەكانی پۆستەكە پێویست بە بڕینی چەندج قۆناغێك دەكات یەكەمیان قۆناغی سكاڵاكانی كۆمسیۆنی ئێستای هەڵبژاردن كە دوای ئەوە قۆناغی تانەدان دەست پێ دەكات كە پێشكەشی دەستەی دادوەری كۆمسیۆنەكە دەكرێت.

زیاتر گوتی، دوای ئەوە قۆناغی پەسندكردنی دادگای ئیتیحادی بۆ لیستەكانی هەڵبژاردن و دوای ئەو قۆناغی فەرمانی كۆماری كە بریتییە لە بانگەشەكردنی براوەكانی هەڵبژاردن بۆ سازكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام و خواردنی سوێندی دەستووری وەك ئەوەی لە مادەی 50ی دەستووردا هاتووە و دوای ئەوەیش كاندیدانی براوە دەبنە پەرلەمانتار و قۆناغی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی دەوست پێ دەكات، دوای ئەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەرگەی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەكاتەوە لە ماوەی سێ رۆژی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.   

دەستووری عێراق بەپێی مادەی 68 دوو مەرجی بۆ سەرۆك كۆمار دیاری كردووە، یەكەمیان دەبێت لەدایكبوونی لە عێراق بێت و دایك و باوكی عێراقی بن و 40 ساڵی تەواو كردبێت و سزای تاوانی ناوزڕێنەری لەسەر نەبێت وەك بەرتیل و گەندەڵی و دزی، هەروەها ناوبانگی باش و خاوەن ئەزموونێكی باشی سیاسی بێت و كەسێكی پاك و راست و دادوەر بۆ وڵاتەكەی بێت. حەرب وای گوت.

ئەو شارەزایە گوتی، هەروەها مادەی 70 لە دەستوور و یاسای پێشوو ئەوەیان دیاری كردووە كە هەڵبژاردنەكە بە دەنگدانی زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەبێت، واتە دەنگدانی 210 پەرلەمانتار و ئەگەر هیچ كاندیدێك ئەو رێژەیان نەهێنا ئەوە دەنگدان لە نێوان دوو كاندید دەكرێت كە زیاترین دەنگیان هێناوە و ئەوەی بتوانێت دەنگی زیاتر بێنێت دەبێتە سەرۆك كۆماری عێراق ئەوە لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە، هەرچی لە رووی كردەنییەوە ئەوە بەشبەشێنە و سازان و دابەشكاری پۆستەكان لە نێوان پارتەكانی ناو پەرلەمان هەیە، بۆیە دوو سازان لەسەر پۆستە باڵاكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆماری و وەزیران دەكرێت. 

ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە بەغدا بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ بارستە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و دووپاتی سووربوونی كوردی كردەوە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و داوای رەچاوكردنی پرەنسیپی هاوبەشی و سازان و هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بكەن.

فازڵ میرانی سەرۆكی شاندی پارتی بۆ بەغدا لەو بارەوە گوتی، بەبێ رەچاوكردنی ژمارەی كورسییەكانیان، كورد خاوەن پێگەیەكی گرنگن لە عێراق و ئەوان لە دەرەوەی چوارچێوەی بەشبەشێنەی سیاسی هاوبەشن.

زیاتر گوتی، پێویستە پۆستی سەرۆك كۆمار ئەوجارەش بۆ كورد بێت، چونكە ئەگەر پۆستەكە شەرەفیش بێت، بەڵام سیمبوڵە و لامان گرنگە كە ئەو پۆستە بۆ كورد بێت، دواتر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەبێ پاڵپشتیكردنی لەلایەن بارستەیەكی بەهێز دەبێتە رەمزی و بە هاوشێوەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە. 

روونی كردەوە، دانانی سەرۆك كۆمار بە رێككەوتنی كورد و عەرەب دەبێت، بۆیە نازانرێت كێ دەبێت، لە خولەكانی پێشتر سەرۆك مەسعوود بارزانی، پێداگری لەسەر دانانەوەی مام جەلال دەكرد، بەڵام ئێستە مام جەلال نییە تا بەو شێوەیە بەرگری لێ بكەینەوە.

ئەمڕۆ سێشەم رۆژنامەی "سەباح"ی عێراقی بڵاوی كردەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیارە مێردی شاناز برایم ئەحمەد وەزیری پێشووی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق كاندید بكات.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەكە، حزبە كوردییەكان هەوڵی دیاریكردنی كاندیدەكانیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەركۆماری عێراق دەدەن و لەلایەن یەكێتییەوە لەتیف ڕەشید، هاوسەری شاناز برایم ئەحمەد بۆ ئەو پۆستە كاندید دەكرێ، هەروەها بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری و فازڵ میرانیش دیارترین كاندیدانی تر دەبن.لەو كاتەی فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری ئێستا بەهۆی ئەوەی لە ناوخۆی یەكێتی ناكۆكی لەسەرە چانسی دووبارە كاندیدكردنەوەی نییە.







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل