ناوی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق ئاشكرا كرا

ڕۆژنامەیەكی لەندەنی ئاشكرای كرد، نووری مالیكی جێگری سەركۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ترسی ئەوەی ئێران پێگەی خۆی لە عێراق لە دەست نەدات، دەیەوێ ئەیاد عەلاوی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكرێ، چونكە عەلاوی كەسێك نییە ڕاستەوخۆ سەر بە ئەمەریكا بێت.

ڕۆژنامەی "العرب"ی لەندەنی بڵاوی كردەوە، ئێران كێبەركێی كات و بەستنی هاوپەیمانی نێوان پێكهاتەكان دەكات لە زووترین كات، چونكە لە دووشەمی ڕابردوو مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ستراتیجی نوێی بەرانبەر بە تاران ڕاگەیاند و گوتی، قورسترین سزا بەسەر ئێران دەسەپێنین و دەستوەردانەكانی لە عێراق دەوەستێنین و دەبێ ڕێز لە سەروەری عێراق بگرێ.

ئەو ستراتیجە نوێیەی ئەمەریكا و چڕكردنەوەی هەوڵەكانی وای لە كۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە عێراق كردووە، بە خێرایییەكی زۆر هەوڵی دروستكردنی گەورەترین هاوپەیمانی و فراكسیۆنی پەرلەمانی بدەن، تا كەسێكی نزیك لە ئێران ببێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ ئەو مەبەستە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران هەرزوو گەیشتە بەغدا بۆ ئەوەی ڕێ لە دروستبوونی حكوومەتی دوور لە ئێران بگرێ.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، قاسم سولەیمانی بە سەركردە شیعەكانی ڕاگەیاندووە، ئەگەر هەر نەتوانن حكوومەتی تەواو نزیك لە ئێران دروست بكەن و حكوومەتی دوور لە مەزەوگەرایی لە عێراق دروست ببێ، پێویستە ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

بۆ ئەو مەبەستە قاسم سولەیمانی لەكاتی سەردانی بۆ بەغدا لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنییە كۆ بووەوە، بۆ ئەوەی لە عەبادی و سەدر دووریان بخاتەوە، چونكە پلانی سەدر و عەبادی بە دانانەوەی حەیدەر عەبادی بە تەواوی دژی ئێرانە، چونكە عەبادی لە سعوودیە و ئەمەریكا نزیك بووەتەوە، سەرچاوەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، ئامانجی قاسم سولەیمانی ڕێگریكردنە لە سەركەوتنی عەبادی و سەدر بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بۆیە عەلاوی كاندید دەكەن بۆ سەرۆك وەزیران.




وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:11:05:23/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 30245 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌