به‌رپرسانی عێراقی زه‌وی ده‌وڵه‌ت بۆ "مه‌زره‌عه‌" داگیر ده‌كه‌ن

:: AM:11:14:23/05/2018 ‌


لە چەند ساڵی رابردوودا بەرپرسانی عێراقی دەستیان گرتووە بەسەر رووبەڕێكی زۆری زەویی موڵكی دەوڵەت و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكاری دەهێنن، بەڵام پێش هەڵبژاردن ئەو داگیركارییە دەبێتە دیاردەیەكی زەق و هەمووان هەستی پێ دەكەن كە بەرپرسان بێستان و زەویی بازرگانی گرانبەها لەسەر خۆیان تاپۆ دەكەن.
 
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی ئاشكرای دەكات كە زۆرینەی بێستان و باخچەكان سەر بە دیوانی سەرۆكایەتیی كۆمارن لەو كاتەی سەدام حوسێن سەرۆك كۆمار بووە، لە دوای 2003 هیچ كارێك نەكراوە ئەو زەوی و بێستانانە بگەڕێتەوە سەر وەزارەتی كشتوكاڵ، بەڵكو لە جێی ئەوەدا بەرپرسان دەستیان بەسەردا گرتووە و پڕیان كردووە لە پاسەوان.

ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە ئاماژەی بەوە دا لە هەندێك ناوچەدا بێستانەكان دەكەونە ناوچەی بازرگانی و یەك مەتری چوارگۆشە نرخەكەی دەگاتە سێ ملیۆن دینار یان دوو هەزار و 400 دۆلار، وەك ناوچەی جادریە لە ناوەڕاستی بەغدا كە لەلایەن چەكداران و بەرپرسان دەستی بەسەردا گیراوە و كراوەتەوە كۆمەڵگەیەكی گەشتیاری و كێڵگە بۆ خێزانەكانیان و بۆ كاری بازرگانیش وەك گوندی گەشتیارییان لێ كردووە كە ئەو بێستانانە دیوێكی دەكەنە سەر رووباری دیجلە.

روونی كردەوە ئەگەرچی ئەو بێستانانە موڵكی دیوانی سەرۆكایەتی كۆمارە، بەڵام پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ سەرپەرشتیان بكات، یانیش فەرمانگەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام ئەوە رووی نەداوە و بە ئارەزووی خۆیان بێستانەكان داگیر دەكەن. گوتی "ئەوە تەنیا لە بەغدا رووی نەداوە، بەڵكو لە پارێزگاكانی تریش هەمان حاڵەت بوونی هەیە و هەرچی زەوی و بێستانی موڵكی گشتی هەیە لەلایەن بەرپرسانەوە داگیر كراون، بەشێكیان كراونەتە كێڵگەی خێزانی و بەشێكیان كراونەتە بارەگا و هەندێكیش كراوەتە كۆمەڵگەی گەشتیاری و گوندی گەشتیاری".

پێوەند بەو پرسە ئەسكەندەر وەتوت پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای بابل "100 كم باشووری بەغدا"، دەڵێ، ئەوانەی ئەو زەوییە فراوانانە لە دەرەوەی رێكارە یاسایییەكان داگیر دەكەن و دەستی بەسەردا دەگرن، لایەنی دەسەڵات بەدەست و چەكدار و بەرپرسی باڵان. گوتی "زۆر بەرپرسی باڵا و دیار هەن لە پارێزگای بابل دەستیان گرتووە بەسەر موڵكی دەوڵەت، بێگومان ئەوەش بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ بەڕێوەبەری شارەوانی بابل".

زیاتر گوتی "ئەو خانووبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، لەلایەن بەرپرسانەوە موڵكی دەوڵەتی عێراقین و موڵكی هیچ كەسێك نین، بۆیە دەبێت حەیدەر عەبادی وەك سەرۆك وەزیران لیژنەی لێكۆڵینەوە لەو دیاردەیە پێك بهێنێت و زەوییە داگیركراوەكان بگەڕێنرێنەوە بۆ حكوومەت".

بەپێی یاسا كار پێكراوەكانی عێراق، بەهیچ شێوەیەك لە شێوەكان كەس بۆ نییە مامەڵە بە موڵكی دەوڵەت بكات. عەلی عوبێدی پارێزەر دەڵێ لە یاساكانی عێراقیدا زۆر بە روونی باسی ئەو پرسە كراوە و لە چەند حاڵەتێكی دیاریكراودا موڵك و زەوی دەوڵەت دەفرۆشرێن، ئەویش لە رێی زیادكردنی ئاشكرا و هەموو كەسێكیش بۆی  بەشداری لە زیادبوونەكە بكات زەوییەكە بكڕێت.

ئەو پارێزەرە گوتی "بەڵام شتێك هەیە پێوەند بەو زەوییانەی داگیر كراون لەلایەن بەرپرسانەوە، ئەوان بە نرخێكی رەمزی كە نرخی یەك مەتر لەو زەوییانە بە دوو تا سێ هەزار دینار لە حكوومەت كڕیوەتەوە، ئەم جۆرە مامەڵەیەش ئێستەشی لەگەڵ بێت بەردەوامە و بەرپرسەكان زەوییەكان داگیر دەكەن و دواتریش بەخۆیان دەفرۆشتنەوە و هەر ئەمەشە وایكردووە ناوە ناوە كێشەی موڵكیەتی ئەو زەوییانە لە دادگاكان سكاڵای لەسەر تۆمار دەكرێت و لە نێوان بەرپرسان و خەڵك دەبێتە كێشە، بەڵام دواجار ئاشكرا دەبێت ئەو زەوییە بەرپرسەكە لە دەوڵەتی كڕیوەتەوە".

جێی باسە دوای ئازادكردنی عێراق لە 2003، بەرپرسە باڵاكانی عێراقی دەستیان بەسەر چەندان پارچە زەوی دەوڵەت گرتووە و كردوویانە بە بارەگای حزبی یان جێی حەوانەوەی خۆیان.

دیارترین ئەو كەسانەی موڵكی دەوڵەتیان داگیر كردووە، عەماڕ حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمەیە كە دەستی گرتووە بەسەر كۆشكەكانی سەرۆكایەتی لە جادریە. حەكیم یەكێكە لەو سەركردانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروشمی دژە گەندەڵی هەڵگرتبوو، داوای بەگژداچوونەوەی گەندەڵكاران دەكات.

 هەروەها خوا لێخۆشبوو مام جەلال سەرۆك كۆماری پێشتر دەستی گرتبوو بەسەر چوارگۆشەیەكی سەرۆكایەتی لە جادریە لە ناوەڕاستی بەغدا كە ئێستە خۆی لە ژیاندا نەماوە و دیار نییە كێ لەو چوارگۆشەی سەرۆكایەتی ژیان دەباتە سەر. نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتر كە یەكێكە لەو بەرپرسانەی عێراقی دەیان دۆسیەی گەندەڵی گەورەی لەسەر هەیە، بەڵام هێشتا هیچی لە دژ نەجووڵێنراوە، ئەویش دەستی گرتووە بەسەر فڕۆكەخانەی موسەنا لە بەغدا و كردوویەتی بە بارەگای حزبی و كەناڵە میدیایییەكانی سەر بە حزبەكەی.



وشە - فه‌رمان سادق