شاندێكی سەدر دێنە كوردستان

:: PM:12:20:23/05/2018 ‌

سەرۆكی لیژنەی تەناهیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەركردە لە ڕەوتی سەدر دووپاتی كردەوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا شاندێكی باڵای هاوپەیمانی سائیروون بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات.

حاكم زاملی سەركردە لە ڕەوتی سەدر ئاشكرای كرد، شاندێكی سائیروون لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دانوستاندن لەگەڵ قەوارە سیاسییە كوردییەكان، سەرەڕای ئەو شاندانەی دێنە لای موقتەدا سەدر باس لە بەستنی هاوپەیمانی و دورستكردنی نەخشەی سیاسی داهاتووی عێراق دەكەن.

زاملی لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق گوتی، هاوپەیمانی سائیروون بە گیانێكی نیشتمانییەوە كار دەكات، پۆستی سەرۆك وەزیرانیش مەرج نییە بۆ سائیروون و بۆ شیعە بێ، بەڵكو ئەوە پێوەستە بە گفتوگۆ و دانوستاندنی لایەنە براوەكان و ئەوان بەیەكەوە لەگەڵ ئێمە دەتوانن ناوی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری بكەن.

هاوپەیمانی سائیروون لە ڕەوتی سەدر و حزبی شیوعیی عێراق و چەند حزبێكی تر پێكهاتووە، لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە 12ی ئایار/مایۆ بەڕێوە چوو، توانی زۆرترین كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بباتەوە و براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بێ.


وشە - باز ئه‌حمه‌د