وردەكاریی ڕووداوەكەی شارەزوور

:: PM:03:06:23/05/2018 ‌
لە بەردەم دادگای شارەزوور شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا ڕووی دا و لە ئەنجامدا شەش كەس بوونە قوربانی كە بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بریندارەكان باری تەندروستییان جێگیر نییە.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئایار/ مایۆ، بەهۆی كێشەیەكی كۆنەوە شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا ڕووی داوە و بۆ دادگاكردنی هەمان كێشە چوونەتە دادگای شارەزوور و لەوێ‌ لەكاتی بینینی یەكتردا جارێكی تر شەڕ كەوتووەتە نێوانیان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە ئەنجامی شەڕەكەدا پێج كەس بریندار بوون و كەسێكی تریش گیانی لە دەست داوە. رزگار غەفوور قایمقامی‌ شارۆكەی‌ شارەزوور زانیارییەكانی "وشە"ی پشتڕاست كردەوە و ڕای گەیاند، لە بەردەم دادگای‌ شارەزوور بەهۆی‌ كێشەی‌ دوو بنەماڵەوە كەسێك كوژراوە و پێنجی ‌تریش بریندار بوون.

بەپێی قسەی قایمقامی شارەزوور، پێشتر ئەو دوو خێزانە كێشە لە نێوانیاندا هەبووە و بەو هۆیەشەوە شەڕ لە نێوانیان رووی داوەتەوە.

"وشە" زانیویەتی كە لە كاتی شەڕەكەدا هێزە تەناهییەكان بە زەبری تەقەكردن بڵاوەیان بەو دوو بنەماڵەیە كردووە و تا ئێستەیش كێشەكە بەبێ‌ چارەسەر ماوەتەوە.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم