توركیا گوندەكانی سنووری سیدەكان بۆردمان دەكات

:: PM:04:45:23/05/2018 ‌
كەمێك لەمەوبەر تۆپخانەكانی توركیا بۆردمانی سنووری سیدەكانیان دەست پێ كرد و ئێستە زیاتر لە دوو گوندی سنوورەكە لەلایەن بۆردمان دەكرێت.

كەمێك لەمەوبەر پەیامنێری "وشە" لە شارۆكەی سۆران ڕای گەیاند، تۆپبخانەكانی توركیا دەستیان بە بۆردمانی دەڤەری سیدەكان كردووە و هەردوو گوندی " خەلیفان و بێگژمێ‌" بۆردمان دەكەن.

بەقسەی پەیامنێرمان، تا ئێستە بۆردمانەكە بەردەوامی هەیە و بۆردمانەكە كۆتای نەهاتووە.

هەفتەی چەند جارێك فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە بیانووی بوونی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان " پەكەكە" سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بۆردمان دەكەن و زۆرترین جاریش هاووڵاتیی سڤیل بەو هۆیەوە دەبنە قوربانی.

شارەدێی سیدەكان ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی سۆران لە پارێزگای هەولێر، سیدەكان بە دووری 144 كم لە بەشی باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵ كەوتووە، تا پێش ساڵی 1996 بە فەرمی هەر بە شارەدێی برادۆست دەناسرا، شوێنێكی دووە دەستە و كەوتووەتە سێگۆشەی سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئێران، خاوەنی 250 گوندە و زیاتر لە 15  هەزار كەس لەو شارەدێیە دەژین.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم