بەكارهێنانی تەلەفزیۆن لە دایەنگەكان قەدەغە كرا

:: PM:05:24:23/05/2018 ‌
بەهۆی‌ زیان‌ و مەترسییەكانی‌ لەسەر منداڵ بەتایبەت لە قۆناغی‌ دایەنگە، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری ‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەكارهێنانی‌ تەلەفزیۆن ‌و كەناڵەكانی‌ ڕاگەیاندن لە دایەنگەكان قەدەغە دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئایار/ مایۆ، بە نووسراوێكی بەرێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی بڕیار دراوە كە بەكارهێنانی‌ تەلەفزیۆن‌ و كەناڵەكانی‌ ڕاگەیاندن لە دایەنگەكان قەدەغە بكات، ئەوەش بەهۆی‌ ئەو زیانانەی‌ كە لەسەر گەشەی‌ منداڵ ‌و ژیریی ‌‌و لایەنی‌ دەروونی‌ هەیەتی‌ لەو قۆناغە هەستیارەی‌ تەمەندا.

لە نووسراوەكەدا ئەم بڕیارانە دراوە كە قەدەغەكردنی‌ بەكارهێنانی‌ تەلەفزیۆن و كەناڵەكانی‌ ڕاگەیاندن لە سەرجەم دایەنگەكاندا هاوكات دایەنگەكان لە ماوەی‌ شەش مانگی‌ داهاتوودا كاردەكەن بۆ خستنەڕووی‌ پڕۆگرامی‌ پەروەردەیی‌‌و كۆمەڵایەتی‌ ئامانجدار لە ڕێگەی‌ سكرین‌ و داتاشۆوە.

جێی‌ ئاماژەیە ئەم بڕیارەی‌ بەشێكە لە پڕۆسەیەكی‌ گرنگیپێدان بە پەروەردەی‌ منداڵ ‌و ڕەخساندنی‌ ژینگەیەكی‌ گونجاو بۆ گەشەی‌ منداڵ لە دایەنگەكاندا، هەروەها ئەم بڕیارە دوا بەدوای ئەوە دێت كە زمانی‌ بێگانەیش لە داینگە و باخچەكانی ساوایان قەدەغە كرا.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم