بەڤیدیۆ.. چەند گەندەڵییەكی پارێزگاری بابل ئاشكرا دەبێت

:: PM:06:09:23/05/2018 ‌
  
نەهێشتنی گەندەڵی بووبووە درووشمی زۆرێك لە هاوپەیمانی و لیستەكانی هەڵبژاردنی عێراق كە لە 12ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كچێكی پارێزگای بابل گەندەڵی پارێزگار و بێتوانایی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە لێپرسینەوە و چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگاكەی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ئەگەر عەبادی نەتوانێت كێشەی كچێكی بچووك چارەسەر بكات، چۆن دەتوانێت كێشەی دەوڵەتێك چارەسەر بكات؟.

بەپێی تۆمارە ڤیدیۆییەكە ئەو كچە چەند گەندەڵییەكی سادق مەدلوول سوڵتانی، پارێزگاری بابل ئاشكرا دەكات و دەڵێت، كێشەی من كێشەی رای گشتییە، كێشەی قۆڵبڕین و فیڵكردنە لەلایەن پارێزگاری بابل لە بەرانبەر منداڵانی حلە كە لە 2014 دوو فێستیڤاڵمان بۆ منداڵان بە چاودێری ئەو ساز كرد و بۆ هەریەكەیان بڕی ملیۆنێك و 500 هەزار دیناری تەرخان كرد، واتە سێ ملیۆن دینار، كە لەو ساتەوە تا ئێستەش ئەو پارەی پێ نەداوین.

زیاتر گوتی، یەكەم فێستیڤاڵ بەبۆنەی رۆژی منداڵی بێ دایكوباوك و دووەمیان بەناوی (من عێراقیم، من دەخوێنمەوە) بۆ هاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوە، هەر كاتێك سەردانی دەكەین بۆ پارەكە دەڵێت سبەی وەرنەوە و تا ئێستە پێی نەداوین، دوا جاریش كۆمەڵەی ئەمەل منی كاندید كرد بۆ فێستیڤاڵێكی منداڵان لە فڕەنسا، منیش سەردانی پارێزگارم كرد و داوای پارەی خۆمانم كرد بۆ ئەوەی پێی بچم بۆ فڕەنسا، بەڵام بەهەمان شێوە گوتی سبەی وەرەوە.

زیاتر گوتی، لە كاتی سەردانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بۆ بابل بەمەبەستی گواستنەوەی دەسەڵاتەكان بۆ پارێزگاكە، پێی گەیشتم و باسی دۆخی رۆشنبیریم كرد لە بابل و باسی منداڵانی پارێزگاكە و پرسی خۆشم بۆی كرد، بەڵام ئەویش نەیتوانی كێشەكە چارەسەر بكات.

ئەو كچەی بابل ئاماژەی كرد، عەبادی نووسراوەكانی ئاراستەی پارێزگار كرد كە واژووی ئەوی لەسەر بوو و گوتی بۆچی پارەی ئەوانت نەداوە؟، گوتی پارەكەمان لە دارایی وەرنەگرتووە، بۆیە عەبادیش چارەسەری پێ نەبوو، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە كە ئەگەر عەبادی نەتوانی كێشەی كچێكی بچووك چارەسەر بكات، چۆن دەتوانێت كێشەكانی دەوڵەت چارەسەر بكات؟. 








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل