هۆزە عەرەبییەكانی نەینەوا: شاندی پارتی پارێزگاری لە مافی ئێمەش دەكات لە بەغدا

:: PM:08:51:23/05/2018 ‌

گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان رای دەگەیەنێت كە پێشوازی لە سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا دەكەین بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و ئاماژە دەكات كە شاندەكە پارێزگاری لە هۆزە عەرەبییەكان دەكات چۆن پارێزگاری لە كورد دەكات.

موزاحم ئەحمەد حوێت، ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە پێشوازی لەو سەردانەی شاندی پارتی دەكەین و روونی كردەوە كە گفتوگۆكان گرنگییەكی گەورەیان هەیە بۆ ئێمە، چونكە شاندی پارتی پارێزگاری لە مافی ئێمە دەكات بەر لە پارێزگاریكردنی لە مافی كورد، هەروەك چۆن پێشتر سەرۆك مەسعوود بارزانی پارێزگاری لە مافی ئێمە كرد و دەرگەی كوردستانی بۆ كردینەوە.

زیاتر گوتی، لە 2003ەوە تا ئێستە هیچ كەسایەتییەكی سیاسی پارێزگاری لە ئێمە وەك عەرەبی سوننە نەكردووە بێجگە لە سەرۆك بارزانی و روونی كردەوە هەروەها بەتوندی رەتی دەكەینەوە كە ئێستا كەسایەتییەكی سوننە بەناوی ئێمە لە بەغدا گفتوگۆ بكات، بەتایبەتی كە ئەوان هۆكاری ئاوارەبوونی ئێمە بوون.

دوای نیوەڕۆی دوێنێ سێشەم شاندێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی بەغدای كرد و چاوی بە سەرانی لیستە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كەوت كە لەگەڵ هەریەك لە موقتەدا سەدر و نووری مالیكی و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و ئەیاد عەلاوی و چەند لایەنێكی تر كۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پێكهێنانی هاوپەیمانیەتییەكی شایستە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق كرد.

سەرچاوە/ شەفەق نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل