توركیا: یەپەگە بەشداری شەڕی مووسڵ بكا ئاشتی جێگیر نابێ

:: AM:11:23:12/10/2016 ‌
جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاشكرای كرد، هێزەكەی توركیا لە سەربازگەی بەعشیقە دەمێنێتەوە تا كۆتا داعش لە عێراق مابێ، هۆشداریشدا ئەگەر هێزەكانی پەیەدە و یەپەگە بەشداری شەڕی مووسڵ بكەن بە بیانووی ئازادكردنی مووسڵ، ئاشتی لەناوچەكە ناچەسپێت.

نەعما قورتولمووش جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا لە لێدوانێكی بۆ "ئەنادۆڵ" گوتی، بوونی توركیا لە بەعشیقە یاساییە، هاوكات پێویستییەكیشە بۆ ئەوەی داعش لەناو ببرێت. بۆیە هێزەكانمان لەوێ دەمێننەوە تا داعش لە ناوچەكە وەدەر دەنرێت.

لەبارەی لێدوانەكانی حەیدەر عەبادی دژی هێزەكەی توركیا لە بەعشیقە، جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا گوتی، عەبادی ئەو لێدوانانە لە ژێر كاریگەری لایەنی تر دەدات.

هەروەها گوتی، ئەگەر رێگە بدرێ پەیەدە و یەپەگە بەرەو مووسڵ هەنگاو بنێت، بە بیانووی شەڕی رزگاری مووسڵ، ئەوا ئاشتی لە عێراق و مووسڵ ناچەسپێت، چونكە ئەوان رۆڵەی ناوچەكە و مووسڵ نین.

لە رۆژی سێشەم چواری تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەرەوە لێدوانی توند لە نێوان بەرپرسانی ئەنكەرە و بەغدا دژی بوونی هێزێكی 150 كەسی لە سەربازگەی زەلكانی شارەدێی بەعشیقە دەدرێت، گرژییەكان گەیشتە ئاستی ئەوەی باڵوێزی توركیا لە بەغدا و باڵوێزی عێراق لە ئەنكەرە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی هەردوو وڵاتەوە بانگهێشت كران.

مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2014 هێزێكی توركیا كە لە 150 سەرباز و 25 تانك پێكهاتبوون هاتنە سەربازگەی زەلكانی شارەدێی بەعشیقەی دەوروبەری مووسڵ و دەستیان بە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی حەشدی نیشتمانی كرد، توركیا له‌باره‌ی هاتنی هێزه‌كه‌یه‌وه‌ پشتی به‌ رێككه‌وتنی 2007ی نێوان وه‌زیری به‌رگری توركیا و عێراق به‌ستووه‌ كه‌ له‌ ئه‌نكه‌ره‌ له‌ نێوان جه‌واد بۆلانی وه‌زیری به‌رگری عێراق و به‌شیر ئه‌تالایی وه‌زیری به‌رگری توركیا ئیمزا كرا، به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ عێراق ماف به‌ توركیا ده‌دات له‌شكركێشی بۆ قوڵایی خاكی باكوری عێراق بكات، به‌ ئامانجی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌.

شارەدێی بەعشیقە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ بە دووری 12 كیلۆمەتر و یەكێكە لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا خاكەكەی دەوڵەمەندە بە زەیتوون، 70% دانیشتووانی ئێزدین و 25%یشی مەسیحی و 5% توركمانن و عەرەبیش بە رێژەیەكی كەم تێیدا نیشتەجێن.

وشە/ئەنادۆلۆ، و:باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د