هێزی سەربازی لە بەغدا بڵاوەیان پێ دەكرێ.. مەترسی شەڕی ناوخۆ هەیە

:: PM:01:37:26/05/2018 ‌
لە بەیانی ئەمڕۆ شەمووەوە هێزێكی بێشوماری تەناهی لە ناوچەی سەوز و لە دەوری بارەگای حزبە سیاسییەكان لە بەغدا كۆ بوونەتەوە، مەترسی هێرشكردنە سەر بارەگای حزبە سەركەوتووەكانی هەڵبژاردن و تێكدانی دۆخی تەناهی بەغدا هەیە.

شایەتحاڵەكان بە پێگەی ڕۆژنامەی "العربی الجدید"یان ڕاگەیاند، هێزە تەناهییەكان زۆر بە چڕی لە بەغدای پایتەخت بڵاوەیان پێ كراوە و چەندان ڕێ گیراون و هاتوچۆیان لێ قەدەغە كراوە، زۆرینەی هێزەكانیش لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدا و دەوروبەری بارەگای حزبە سیاسییەكان و بارەگای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بڵاوەیان پێ كراوە.

شایەتحاڵەكان دووپات لەوەیش دەكەنەوە، بازگە و پشتێنی تەناهی و بەربەستی تەناهی زۆر لە نێوان ناوچە جیاجیاكانی بەغدا دانراوە، بە تایبەت لە ناوچەكانی نزیك لە بارەگای سەرەكی حزبی شیوعی، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو دوو بۆمبی چێنراوی لێ تەقییەوە.

ئەفسەرێكی باڵا لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا ڕای گەیاندووە، فەرمان لە فەرماندەیی باڵای هێزە چەكدارەكان دەرچووە، بۆ دابینكردنی پاسەوانی و پاراستنی بارەگای تەواوی حزبەكان و بارەگای سەرەكی و نووسینگەكانی كۆمسیۆن و پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و ڕێگری لە هەر دەستدرێژییەك بۆ سەر بارەگا حكوومییەكان، دۆخی تەناهی بەغدا تا ئێستە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و بڵاوەكردنەوەی هێزی زیاتریش بۆ ئەوەیە دۆخەكە لە دەست دەرنەچێت.

بڵاوەكردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی هێزی تەناهی لە بەغدا، لە كاتێكدایە لە دەروازەیەكی ناوچەی سەوزی بەغدا خەڵكێكی زۆر كۆ بوونەتەوە و خۆپێشاندان دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایار/مایۆ دەكەن و ناڕەزایی بەرانبەر كۆمسیۆن دەردەبڕن، هاوكات ئەمڕۆ ئەوانەی لە هەڵبژاردن شكستیان خواردووە، سەعات چواری ئێوارە هەوڵی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدەن، بۆ ڕەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق.



وشە - باز ئه‌حمه‌د