عێراق لە بۆشایی یاسایی نزیك دەبێتەوە.. مەترسی داڕمانی رەوشی تەناهی دەكرێت

:: PM:06:10:26/05/2018 ‌


لەكاتێكدا سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوو خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق تەمەنی یاسایی كۆتایی پێ دێت، بەڵام هێشتا مشتومۆڕ لەسەر دۆسیەی هەڵبژاردنی خولی چوارم كۆتایی پێ نەهاتووە و لایەنەكان یەكتری بە ساختەكاری و دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن تۆمەتبار دەكەن، بەمەش پەرلەمانی نوێ ناتوانێت هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدات تا پێكهێنانی لیستی گەورەی ناو پەرلەمان، ئەمەیش ترسی لای چاودێران دروست كردووە كە پەرلەمان دەچێتە بۆشایی یاسایی كە هاوكاتە لەگەڵ تێكچوونی باری تەناهی و دەست پێكردنی خۆپێشاندان لە چەندان ناوچە و شاردا.
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، دوای تێپەڕبوونی 14 رۆژ هێشتا گومان لەسەر ئەنجامەكەی هەیە و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان ئێستە بووەتە یەكێك لە ئەگەرەكان. بەڵام دوای 14 رۆژ هێشتا سیمای لیستی گەورەی پەرلەمان دەرنەكەوتووە كە پێویستی بە 165 دەنگ هەیە، بۆ ئەوەی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان دەست پێ بكات و لیستی گەورە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رابسپێردرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی عورف دەبێت خولی سێیەم دانیشتنی ماڵئاوایی ئەنجام بدات كە تەنیا هەفتەیەكی لە بەردەم ماوە، بەڵام سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا كە ئاستەمە بتوانرێت رێژەی یاسایی پەرلەمان تەواو ببێت بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە، بۆیە هەموو چاوەكان لەسەر ئەوەیە كەی خولی نوێی پەرلەمان یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجام دەدات و سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی خولی سێیەم.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش دا زۆرینەی ئەو پەرلەمانتارانەی كە خۆیان كاندید كردبووەوە، دوای ئەوەی دەنگیان نەهێناوە و سەركەوتوو نەبوون، ناوچەی سەوزیان جێهێشت بە تایبەت پاش ئەوەی هیوای ئەوەشیان لەدەست دا كە پەرلەمان بتوانێت دانشتنێكی نا ئاسایی ئەنجام بدات و ئاراستەی رووداوەكان و پڕۆسەی دەنگدان بگۆڕێت.

پێوەند بەو پرسە حەسان عیدانی مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی بەغدا دەڵێ كۆتایی هاتنی تەمەنی ئەم خولە و دەست پێ نەكردنی خولی نوێ، وا دەكات پەرلەمان بكەوێتە بۆشایی یاسایی، بۆیە پێویستە دانیشتنی یەكەمی خولی چوارەم بە زووترین كات دەست پێ بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان.

زیاتر گوتی "هەنگاوی دواتر سەرۆكی كۆمار بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامان هەڵدەبژێردرێت، ئینجا ئەویش لای خۆیەوە كاندیدی لیستی گەورەی پەرلەمان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ رادەسپێرێت".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە روونی كردەوە ئەگەر عێراق بكەوێتە ناو بۆشایی یاسایی ئەوا كاریگەری و لێكەوتەی بەسەر هەموو جومگەكانی دەوڵەت دەبێت، هۆشداری دا لە دووبارەبوونەوەی دەستوەردانی تەناهی لەم قۆناغەدا كە تیرۆریستان وا تێدەگەن وەزارەتەكانی دەوڵەت بێ دەسەڵاتن.

ئەو هۆشداریانە لە كاتێكدایە لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوو دەیان پێشێلكاری لە شارەكانی عێراقی روویان داوە، ئەمەیش وای كرد حكوومەت رێوشوێنی توندتر و زیاتر بگرێتەبەر.

ئەفسەرێك لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ هێزەكانی پۆلیس لە رۆژی هەینی رابردووەوە رێوشوێنی زۆر توندیان گرتووەتەبەر، بەتایبەت لە دەروازە و باخچە گشتییەكان، بە تایبەت دوای كردە خۆكوژییەكەی پاركی گەشتیاری گەڕەكی شوعلەی بەغدا كە دەیان كوژراو و برینداری لێ كەوتەوە.

ئەو ئەفسەرە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە دەڵێ رێوشوێنە تەناهییەكان تەنانەت شارۆكەكانیشی گرتەوە نەك تەنیا شارەكان و بەغدای پایتەخت، گوتی "بەڵام لەناو بەغدا رێوشوێن و گەڕان و پشكنین زۆر توند كراوە".

ئەو ئەفسەرە پلە باڵایەی وەزارەتی ناوخۆ زۆر نیگەران بوو لە دووبارەبوونەوەی پێشێلكارییەكان كە دواهەمینیان لە كەركوك بوو لە رۆژی پێنجشەمی رابردوو كە بووە هۆی كوژرانی  چەكدارێكی ئاسایش و دوو هاووڵاتی سڤیل، گوتی "هیوادارم ناكۆكییە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت كاریگەریان نەبێت لەسەر بۆشایی تەناهی".

لەسەر ئەو پرسە سەعد موتڵەبی، ئەندامی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رای گەیاند كردە خۆكوژییەكەی گەڕەكی شوعلە بەهۆی كەمتەرخەمی و بۆشایی تەناهی رووی داوە، گوتی "ئەو بۆشاییە تەناهییە رێگەی بۆ تیرۆریستان خۆش كرد كردە خۆكوژییەكە ئەنجام بدەن".

لای خۆیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش كە رێوشوێنی توند بگرنەبەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشی تەناهی ناوخۆی شارەكان.
هاوكات هەندێك لە بەرپرسان پێیان وایە ئەوەی روو دەدات پێوەندارە بە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن كە 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە بەشداری 205 لیست و قەوارە هەڵبژاردنەكە بەڕێوەچوو، بەڵام لە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی تۆمەتی ساختەكاری لەلایەن چەندین لایەنەوە دژ بە ئەوانی تر درانە پاڵ یەكتری.




وشە - فه‌رمان سادق