كاندیدی نوێی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دیاری كرا

:: AM:10:58:27/05/2018 ‌

سكرتێری گشتی لیستی حەل ئاشكرای كرد، ڕێككەوتنی نیمچە فەرمی لە نێوان زۆرینەی ڕەهای لیستە براوەكانی هەڵبژاردن هەیە، بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق بە لیستەكەی ئێمە بدرێ و تاكە كاندیدی ئێمەیش پارێزگاری ئێستەی ئەنبارە.

محەمەد كەربوولی سكرتێری گشتی لیستی حەل لە لێدوانێكدا ڕای گەیاند، سازانی زۆرینەی قەوارەكان و ڕێككەوتنی نیمچە فەرمی هەیە، بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئێمە بدرێ و ئەو ڕێككەوتنەیش بە ڕێژەی 90% یەكلا بووەتەوە.

زیاتر گوتی، تاكە كاندیدی ئێمە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، محەمەد حەلبووسی پارێزگاری ئێستەی ئەنبارە، بۆیە چاوەڕوانی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانین و دواتر كاندیدەكەمان پێشكەش دەكەین.

ئەو قسانەی سەرۆكی لیستی حەل لەكاتێكدایە پێشتر زۆر لە میدیاكان ڕاپۆرتی ئەوەیان بڵاو كردەوە، كە گفتوگۆی چڕ لە نێوان كورد و سوننە هەیە، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕ لە پۆستە سیادییەكان بكەن و سوننە پۆستی سەركۆمار وەربگرن و كوردیش پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بەربكەوێ، هاوكات جاسم حلفی سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون پێشتر ئاشكرای كرد، موقتەدا سەدر دژی دابەشكاری مەزەوی و ئیتنی پۆستەكانە و ئاسایییە كەسێكی غەیرە شیعەیش ببێتە سەرۆك وەزیران و پۆستە سیادییەكان ئاڵوگۆڕیان پێ بكرێ و كەسی لێهاتوو و تەكنۆكراتیان لێ دابنرێت.

لە 12ی ئایار/مایۆ خولی چوارەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا، تا ئێستە هیچ لایەك نەیتوانیوە گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان دروست بكات و پۆستی سەرۆك وەزیران و سەركۆمار و سەرۆكی پەرلەمان یەكلا بكاتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د