ڕاگه‌یه‌نراوێكی توند له‌ كۆمسیۆنی عێراق له‌باره‌ی ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردن

:: PM:02:13:27/05/2018 ‌

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا وەڵامی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەداتەوە و دووپاتیش لەوە دەكاتەوە، كە دەرگای بۆ تانە و سكاڵاكان واڵایە و بەكارهێنانی شێوازی ئەلیكترۆنیش لە یاسای هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمان ڕەزامەندی لەسەر دراوە.

لە ڕاگەیەنراوێكدا كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە عێراق ئاشكرای كرد، بە ڕەچاوكردنی ئەو ڕێنوینییانەی حكوومەت كە لە دانیشتنی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران و هەوڵ و جموجۆڵی بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، كە تێیدا جۆرێك لە پاشگەزبوونەوە و خۆپارێزی بەرانبەر بە كۆمسیۆن هەیە، دوای ئەوەی ڕاستییەكانی دەرخست و بە فەرمی ئاراستەی ناوخۆ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕای گشتی عێراقی كرد.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، ئامێر و سیستەمی ئەلیكترۆنی كە ئامادە كران و بەكار هێنران، بەهۆی یاسای ژمارە 45ی ساڵی 2013ی هەڵبژاردنەكان بووە، بۆیە كارەكانی كۆمسیۆن بە سەركەوتووی بە كۆتا هاتوون، هەر لایەنێكیش نیگەرانە و سكاڵا و تانەی هەیە، پێویستە بە بەڵگەوە پێشكەشی كۆمسیۆنی بكات، تا لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێ و یەكلا بكرێتەوە، لەبارەی گرێبەستی كڕینی ئامێرەكانیش كە گوایە گەندەڵی تێدا كراوە، ئەوانەی گومانیان هەیە با بەڵگەكان بدەنە دیوانی چاودێری دارایی، چونكە ئەوان وردبینی گرێبەستەكانیان كردووە و ڕەزامەندیان لەسەر داوە.

ئاماژەی داوە، داتاكان بە پارێزراوی گوازراونەتەوە و سێرڤەرەكان پارێزراو بوون، بە فلاش داتاكان لە ڕێی كۆدی تایبەتەوە بە ئامێرێكەوە پێوەست كراون و بە مانگی دەستكردەوە گەیەنراونەتە نووسینگەی نیشتمانی كۆمسیۆن.

لە هەموو پارێزگاكان پرۆسەكە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك بەڕێوە چووە و داتاكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی ڕەوانە كراون، تەنیا كەركووك نەبێ، كە لەلایەن خەڵكەوە هێرش كراوەتە سەر كۆگا و ناوەندەكانی كۆمسیۆن و ڕێ لە ناردنی داتا و زانیارییەكان كراوە، ئەو سكاڵایانەیشی لە هەر شوێنێك هەبوو تاوتوێ كراون و بەشێكیان یەكلا كراونەتەوە و دەنگی ژمارەیەك سندووق پووچەڵ كراونەتەوە، بۆیە بەردەوامین لە تاوتوێكردنی دەنگەكان و گەیشتن بە ڕاستی سكاڵاكان و دەرخستنی ئەنجامەكانیان.

لە كۆتای ڕاگەیەنراوەكەی كۆمسیۆن هاتووە، سەرجەم هەنگاوەكانمان بە ئاگاداری ئەنجوومەنی وەزیران و نەتەوە یەكگرتووەكان و بەشدارانی هەڵبژاردن ئەنجام داوە و هیچ شتێكی تر بوونی نییە تا كۆمسیۆن لە خەڵكی بشارێتەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د