چەكی حزبوڵا دەبێتە بەربەست لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتی نوێی لبنان

:: PM:09:30:27/05/2018 ‌

دوای ئەوەی هەڵبژاردنی لبنان لە شەشی ئەم مانگە بەڕێوە چوو و تیایدا كاندیدانی حزبوڵای لبنانی توانیان سەركەوتنێكی بەرچاو بەدەست بێنن، لەو ساتەوە هەموو هێزە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە بەپەلەن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەڵام چەكی حزبوڵا وەك بەربەستێك لەبەردەم پێكهاتنی حكوومەتەكە دەمێنێتەوە.

بڕیارە سبەی سەعد حەریری، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی لبنان لەناو پەرلەمان دەست بە گفتوگۆكانی لەگەڵ بارستە سیاسییەكانی لبنانی بكات بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتەكەی، بەڵام داواكاری هێز و پارتە سیاسییەكان پێش دیدارەكان خراوەتە روو و رەوانەی بارەگەی حەوانەوەی حەریری لە بیرووت كراوە.

یەكەم بەربەست بریتییە لە رێژەی نوێنەرایەتی سیاسی و تایفی لەو حكوومەتە كە هەر هێزێك دەیەوێت بە قەبارەی خۆی لە هەڵبژاردنەكانەوە نوێنەرایەتی هەبێت، حزبوڵا دەیەوێت كەسانی سوننەی نزیك لەخۆی كە بریتین لە 10 پەرلەمانتاری سوننە، بەشێك لە پۆستەكانی تایبەت بە سوننە بدرێت بەوان.

هەرچی كریستیانەكانە ركابەری لە نێوان هەردوو جەمسەری هێزەكانی لبنان كە خاوەنی 15 كورسییە لە پەرلەمان و و رەوتی نیشتیمانی ئازاددا هەیە كە دەیەوێت رۆڵی ئەوان تەسك بكاتەوە، كە چاودێران وای بۆ دەچن ئەوەیان سەرەتای جەنگێكی پێشوەختە بێت بۆ پۆستی سەرۆكی لبنان كە بۆ كریستیانەكانە.  

هەرچی نوێنەرایەتی شیعەیە كە حزبوڵا و بزووتنەوەی ئەمەل دەگرێتەوە، ئەوان داوای پشكی خۆیان دەكەن كە شەش پۆستی ویزارییە و بەسەر خۆیانی دابەش دەكەن، ئەگەرچی حزبوڵا چاوی لە زیاترە. 

جیا لەوە لبنانییەكان پێشبینی ململانێی زیاتر لە پێكهێنانی حكوومەتەكە دەكەن پێوەست بە چەكی حزبوڵا و پێوەندییەكان لەگەڵ حكوومەتی سووریا و هاوئاهەنگی لەگەڵ كردنی بۆ چارەسەركردنی پرسی ئاوارەكانی سووریا لە لبنان و گەڕاندنەوەیان بە زووترین كات. 

سەرچاوە/ سكای نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل