تیمی ترەمپ تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر ئێران دەكەن

:: AM:09:08:03/12/2016 ‌

رۆژنامەیەكی بەریتانی بڵاوی كردەوە، ئەندامی تیمی دۆناڵد ترەمپ 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، خەریكی بە دواداچوون و تاوتوێكردنی چۆنیەتیی سەپاندنی سزای نوێن بەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو كاتەی لە 20 كانوونی دووەم/یەنایەر حوكمی وڵاتەكە دەگرنە دەست.

رۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردووەتەوە، تیمەكەی دۆناڵد ترەمپ كە ئێستە سەرپەرشتی گواستنەوەی دەسەڵات لە حكوومەتی باراك ئۆباما بۆ حكوومەتی دۆناڵد ترەمپ دەكەن، ڕێوشوێنی وردیان گرتووەتەبەر و هەوڵی ئامادەكردنی پڕۆژە بڕیارێك بۆ سەپاندنی سزای نوێ لەو كاتەی دەسەڵات دەگرنە دەست بە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران.

هەروەها نووسیویەتی، ئەندامە باڵاكانی تیمەكەی ترەمپ پێوەندییان بە چەندان كۆنگرێسمانی حزبی كۆمارییەكان كردووە، كە خاوەن ئەزموون و شارەزایین لەو بوارە، لەگەڵیاندا تاوتوێی چۆنیەتیی سەپاندنی سزایان بەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێراندا كردووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەكە لە سەرچاوەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكاوە دەستی كەوتووە، ئەم پرۆژە بڕیارەی ترەمپ بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئێران پێوەندی بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئەمەریكا و وڵاتانی زلهێز لەگەڵ ئێران نابێ كە لە ساڵی 2015 ئیمزا كرا و خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

سەرچاوەكان ئەوەشیان ڕوون كردووەتەوە، كە ڕەنگە سزا نوێكانی سەر ئێران لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، بەهۆی پەرەپێدانی سیستەمی مووشەكی بالیستی یان پێشێلكارییە بەردەوامەكانی ئێران بەرامبەر مافی مرۆڤەوە بێت.

دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكایەتیی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنی رۆژی هەشتی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری ئەمساڵ، بە ڕێژەیەكی زۆری نوێنەرانی هەڵبژاردنەوە بەسەر هیلاری كلینتنی كاندیدی دیموكراتەكان سەركەوت.

ترەمپ لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لە چەندان كەمپەین بە ڕوونی ئاشكرای كرد، كە ئەگەر ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا ڕێككەوتنی ئەتۆمی نێوان وڵاتانی پێنج كۆ یەك و ئێران دەدڕێنێت، چونكە ئێران خەریكی پەرەپێدانی مووشەكی بالیستییە و ڕێككەوتنەكە جێبەجێ ناكات، بۆیە پێویستە سزای توند و قورسی بەسەردا بسەپێنرێت.

سەرچاوە/ ئەلعەرەبییە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د