لە بەڕۆژووبوونی نەخۆشانی شەكرە هۆشداری دەدرێ

:: PM:02:39:08/06/2018 ‌
یەكێك لە باوترین هۆكارەكانی مردن لە دنیادا نەخۆشیی شەكرەیە. پزیشكێكی پسپۆڕی ئەم نەخۆشییەش هۆشداری دەدات لە بەڕۆژووبوونی نەخۆشانی شەكرە و داوا دەكات هەندێك حاڵەتیان هەرگیز نابێت بەڕۆژوو بن، ئەوانەش كە ئاستی نەخۆشییەكەیان نزمە دەبێت بە راوێژی پزیشك بەڕۆژوو ببن.

شەكرە ئەو نەخۆشییە ترسناكەیە كە بەپێی لێكۆڵینەوە پزیشكییەكان هۆكاری سەرەكییە بۆ لەدەستدانی بینایی و بڕینەوەی پێیەكان و سستبوونی گورچیلەكان. بەهۆی ناهوشیاری و كەمی خزمەتگوزارییە پزیشكییەكانیش، ژمارەی نەخۆشانی شەكرە بەردەوام لە زیادبووندایە.

دكتۆر عەلی بەرزنجی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو لەبارەی نەخۆشیی شەكرە و مەترسییەكانی لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ "وشە" گوتی، نەخۆشیی شەكرە یەكێكە لەو نەخۆشییە مەترسیدارانەی كە لە دنیادا بە هەشتەم هۆكاری مردن دادەنرێت. بەپێی پێشبینی زانایانی پزیشكیی، چەند ساڵیكی تر دەگاتە حەوتەم هۆكاری مردن لە ناو دانیشتووانی دنیا.

ئەو داوا لە نەخۆشانی شەكرە دەكات لە گرتنی رۆژوودا دەبێت زۆر وریا بن، ئەگەر نا مەترسیی گەورە بۆ تەندروستییان دێتە كایەوە.

دوو جۆری سەرەكیی نەخۆشی شەكرە هەن كە سەرەتا بە چەند نیشانەیەك هەست پێ دەكرێن و لە یەكتر جیا دەكرێنەوە. جۆری یەكەمیان لە ئەنجامی لەدەستدانی توانای پەنكریاس بۆ بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین دروست دەبێت، لەو حاڵەتەدا نەخۆش پێویستی بە وەرگرتنی ئەنسۆلین هەیە.

جۆری دووەمیان ئەوكاتەیە كە جەستە توانای نامێنێت رێژەی شەكرە لە لەش كەم بكاتەوە، ئەمەش بە دوو جۆر دابەش دەبێت. جۆری یەكەم تووشی منداڵان دەبێت، ئەو نەخۆشانەش پێویستیان بە وەرگرتنی دەرزیی ئەنسۆلین هەیە. جۆری دووەمیش گشتییە و تووشبووانی ئەم حاڵەتە پێویستییان بە وەرگرتنی حەب هەیە، بەڵام هەندێك جاری تر دەبێت بە دەرزی چارەسەر بكرێن. هەندێك جار ژنان لە كاتی دووگیانیدا تووشی نەخۆشی شەكرە دەبن.
لە مانگی رەمەزاندا كاتێك نەخۆشێكی شەكرە بڕیار دەدات بەڕۆژوو بێت، پێویستە بە دوو مانگ پێش مانگی ڕەمەزان سەردانی پزیشكی پسپۆڕی كردبێت و ڕێنوێنیی گونجاوی  وەرگرتبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هیچ حاڵەتێكی نەخوازراو نەبێتەوە و بەڕۆژووبوونەكەی كاریگەری خراپی لەسەر دروست نەكات.

پزیشكەكە هەندێك رێنوێنیی و هۆشداری بە خاڵ دەخاتەڕوو و دەڵێت، ئەو كەسانەی كە نەخۆشیی شەكرەیان هەیە و حاڵەتەكەیان لە جۆری یەكەمە و دەرزیی ئەنسۆلین وەردەگرن، ئەگەر بەڕۆژوو بن، ئەوا تووشی مەترسیی گەورە دەبن.
دووەم ئەوانەی حەب وەردەگرن دەتوانن بەڕاوێژكاری پزیشكی خۆیان بەڕۆژوو ببن، بەڵام ئەوانیش لەهەموو حاڵەتێكدا نابێت بەڕۆژوو بن و پزیشك دەتوانێت بڕیاریان لەسەر بدات.

سێیەم ئەوانەی شەكرەیان هەیە و دووگیانن، بەهیچ جۆرێك بۆیان نییە بەڕۆژوو بن، چونكە لەو كاتەدا جگە لەكاریگەری نەرێنی بۆ سەر جەستەی خۆی، كاریگەری نەرێنی بۆ سەر گیانی كۆرپەڵەش دروست دەكات.

هاوكات ئەو كەسانەی كێشیان زۆرە و شەكرەیان هەیە و تەنیا یەك حەب وەردەگرن، دەتوانن بە ڕێكخستنی پرۆگرامی خواردن و وەرگرتنی كاتی حەبەكەی بەڕۆژوو ببن.

هەندێك لەو نەخۆشانەی كە گوێ لە ڕێنوێیی پزیشك ناگرن و سوورن لەسەر ئەوەی بەڕۆژوو بن، پێویستە سیستەمی وەرگرتنی دەرمان و خواردنیان بگۆڕن. هەندێك جار ڕێژەی شەكر لە جەستەی كەسەكە دادەبەزێ و تووشی سەرسووڕانی دەكات یان دڵەڕاوكێی دەبیت و ئارەقێكی سارد دەكات و رێژەی شەكری دەگاتە 90 پێویستە بەزووترین كات سەردانی پزیشك بكات و ڕۆژووەكەشی بشكێنێت.

خواردنی تەندروست، خۆ دوورخستنەوە لە تێكچوونی باری دەروونی و بەپێ ڕۆیشتن بۆ ماوەی نیو سەعات، هۆكاری سەرەكین  بۆ ڕاگرتنی ڕێژەی شەكرە و دووربوون لە مەترسییەكانی.

وشە/ هەولێر- ئیڤان عەبدوڕەحمان




وشە - تایبه‌ت