گورزێكی گەورە بەر عێراق دەكەوێت

:: AM:11:53:10/06/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، ڕەتكردنەوەی ئەنجامی دەنگدانی ئاوارەكان و دەرەوە، گورزێكی كوشندەیە بەر دیموكراسی دەكەوێ و متمانەی خەڵك بە پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردن بە تەواوی لاواز دەكات.

فەیسەڵ عیساوی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ڕۆژنامەی "سەباح"ی عێراقی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خۆی بەشێكە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و هەمووان بانگەشەیان بۆ خۆیان كردووە لە كاتی هەڵمەتەی هەڵبژاردن، ئێستە چۆن دەتوانێ حوكمی شەرعی و یاسایی بەسەر پرۆسەكە بە بێلایەنی دەربكات، جیا لەوی ئەم كارە تەنیا بۆ بەرژەوەندی شكستخواردوون دەبێ.

زیاتر گوتی، ڕەتكردنەوەی ئەنجامی دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەكانیش گورزێكی یەكجار كوشندە دەبێ بەر پرۆسەی دیموكراتی لە عێراق دەكەوێ، بۆیە پێویستە ڕەتكردنەوەی ڕابگیرێ و سەرجەمیان بە دەست دەنگەكانیان هەژمار بكرێنەوە، چونكە بژاردنەوەی دەنگەكان بە دەست كارێكی ئاسایییە و هەمووان لەسەری كۆكن، بەڵام ڕەتكردنەوەی كارێكی تەواو نەخوازراوە و دژی بنەماكانی دیموكراسییە.

هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارەی عێراق لە كاتێكدایە ڕۆژی شەشی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد، تێیدا جێگیر كرا كە ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست لە سەرجەم شارەكانی عێراق ئەنجام بدرێ، هاوكات كاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی وەستاند و دەسەڵاتی دادوەری ڕاسپارد بە دانانی نۆ دادوەر لە جیاتی دەستەی كۆمسیارانی كۆمسیۆن، هاوكات بۆ هەر لقێكی كۆمسیۆنیش لە شارەكانی عێراق دادوەرێك بۆ وەرگرتنی بەرپرسیاریەتی و بەڕێوەبردنی ڕادەسپێرێت.



وشە - باز ئه‌حمه‌د