میوكان بەگشتی زۆرترین سوود بە جەستە و تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن، پێستیش وەك بەشێك لە جەستە بێبەش نییە لە سوودی
میوەكان، بۆیە لە خوارەوە باشترین ئەو میوانەتان پێ ئاشنا دەكەین، كە دەبێتە هۆی جوانكردنی پێستی مرۆڤ.
یەكەم: سێو، دەوڵەمەندە بەڤیتامین C و دەتوانرێت بۆ پێست بەكاربهێنرێ، ڕێ لە تیشكی خۆر دەگرێت بە پێست بگات، چەندان دژەئۆكسیدی گرنگی تێدایە و پێست دەپارێزێت لە تیشكە زیانبەخشەكان، یارمەتی گەنجكردنەوەی پێست دەدات، بەخواردنی سێوێك لە ڕۆژێكدا یان بەكارهێنانی سێو وەكو ماسكێك سوودی زۆر بە پێستتان دەگات.
دووەم: مۆز، دەوڵەمەندە بە پێكهاتەی خۆراكی و سوودی تەندروستی، زۆرترین ڕێژەی پۆتاسیۆمی تێدایە و ڤیتامین C و B6 تێدایە، مۆز بەسوودە بۆ قژ و پێست، بەهۆی بوونی پۆتاسیۆمەوە پێست و قژ نەرم دەكاتەوە، دەتوانرێت بە شێوەی ماسك بۆ قژ و پێست بەكاربهێنرێت بۆ ماوەی 20 بۆ 30 خولەك بەجێی بهێڵە و پاشان بەئاو بیشۆ، دەتوانرێت لەگەڵ ماست یان زەردێنەی هێلكە تێكەڵ بكرێت بۆ بەهێزكردنی قژ، ئەگەر قژت زۆر وشك بوو تەنیا یەك كەوچكی چا گلیسرینی تێ بكە یان هەنگوین بەكاربهێنە.
سێیەم: لیمۆ، بۆ زیپكە، خاڵە ڕەشەكانی سەر لووت و جێی برین بەسوودە، چونكە دەوڵەمەندە بەڤیتامین C ڕێ لە نەخۆشییەكانی پێست دەگرێت، هەروەها ڤیتامین C بۆ دروستبوونی كۆلاجینی پێست گرنگە تەنیا پێویستت بە ئاوی یەك لیمۆیە لەكەڵ كوپێك ئاوی گەرم، خواردنەوەی ئەم ئاوێتە لە بەیانیاندا و دەتوانرێت هەنگوینی بۆ زیاد بكرێت تا تامی زیاتر بێت.
چوارەم: مانگۆ، سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی ڤیتامینە وەكو A, C, E, K، كانزا وەكو پۆتاسیۆم، فۆسفۆر، مەگنیسیۆم، كالیسیۆم و دژە ئۆكسیدی بەهێزی تێدایە و زیانی ڕەگە ئازادەكان كەم دەكاتەوە و یارمەتی گەنجكردنەوەی پێست دەدا و نیشانەكانی دەركەوتنی چرچی دەوری چاوەكان كەم دەكاتەوە پێست لە پیربوون دەپارێزێت و پێست و قژ نەرم دەكاتەوە.
پێنجەم: شلیك، بە سپیكەرەوەیەكی سروشتی دادەنرێ، بەهۆی ترشی فولیكەوە. هەروەها دەوڵەمەندە بە دژەئۆكسید كە پێست گەنجتر دەكاتەوە و دەتوانرێت ماسكێك لە شلیك و ماست و هەنگوین دروست بكەیت و بۆ پێست بەكاری بهێنیت بۆ ماوەی 15 خولەك، دواتر بیشۆن.