فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چوار شوێنی ئامێدی بۆردومان دەكەن

:: PM:11:50:13/06/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چوار شوێنی گرنگ و ستراتیژی سنووری شارۆكەی ئامێدیان بۆردومان كرد و تا ئەو ساتەیش بۆردومانەكە بەردەوامە.

سەرچاوەیەك لە شارەدیێ دێرەلوكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی راگەیاند، ئێستا دوو فڕۆكەی جەنگی توركیا چوار شوێنی جیاوازی سنووری شارۆكەی ئامێدی زۆر بەسەختی بۆردومان دەكەن.

زیاتر گوتی، ئەو شوێنانەی كە بۆردومان دەكرێن بریتین لە چیای لینك و چیای كورەژار و سەری سیرێ و گەلی رەشاڤە كە چوار شوێنی گرنگ و ستراتیژین لە هەردوو شارەدیێ شێلادزێ و دێرەلوك لە سنووری شارۆكەی ئامێدی و بۆردومانەكە ئەوەندە نزیك بووە دەرگا و پەنجەرەی خانووەكانی سەنتەری شارەدیێ دێرەلوك و شێلادزێ لەرزیون.

ئەو سەرچاوەیە رای گەیاند كە بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ ناوچە ئاوەدانییەكانی سنووری شارۆكەی ئامێدی بەردەوامە و گوتی، ئەگەر وا بڕوات بەشێكی زۆری ناوچە ئاوەدانییەكانی شارۆكەی ئامێدی چۆڵ دەكرێن، چونكە پێشتر قوربانییەكی زۆر بەهۆی بۆردومانەكانەوە هەبووە. 

بەپێی زانیارییەكانی وشە 114 گوندی سنووری شارۆكەی ئامێدی بەهۆی بوونی بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان بەردەوام لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردومان دەكرێن و لەماوەی 11 مانگی رابردوودا 10 شەهید و سێ بریندار هەبووە.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل