پێنج هەزار دۆلار بۆ لاشەی هەر داعشێك

:: PM:03:54:15/06/2018 ‌


هێزە تەناهییەكانی عێراقی، لاشەی داعشە مردووەكانی جەنگ بە پێنج هەزار دۆلار بە كەسوكاریان دەفرۆشنەوە. سەرچاوەیەكیش دەڵێ لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە دەستی پێ كردووە بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەسانەی لە پشتەوەی فرۆشتنەوەی لاشەكانی چەكدارانی داعشن.

دوای كۆتاهاتنی پڕۆسەی رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش و پاككردنەوەی ناوچە وێرانەكان، سەتان لاشەی مردووی چەكدارانی داعش لە ژێر باڵەخانە و خانووە رووخاوەكاندا بەجێ ماون بە تایبەت لە كەناراوەكانی رووباری دیجلە لە مووسڵ، هێزە تەناهییەكانی عێراقیش بێ پرسی دەوڵەت هەڵدەستن بە رادەستكردنەوەی ئەو لاشانە بە كەسوكاریان بەرانبەر بە پێنج هەزار دۆلار.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە مووسڵ ئاشكرای كرد چەند گرووپێك هەن لاشەی چەكدارانی مردووی داعش كۆ دەكەنەوە و بەرانبەر بە پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر لاشەیەك دەیاندەنەوە بە كەسوكاریان.

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئاماژەی بەوە دا كە لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە بۆ ئاشكراكردنی ئەو كەسانەی لە پشتەوەی ئەو كارەن. گوتی "بەپێی ئەو سەرەداوانەی دەست كەوتوون، بەرپرسانی لۆكاڵی پارێزگای نەینەوا لە پشتەوەی ئەو كارەن و هەڵدەستن بە ئاسانكاری فرۆشتنەوەی لاشەی چەكدارە داعشە كوژراوەكان بە كەسوكاریان كە نرخی هەر لاشەیەك لە دوو هەزار دۆلار تا پێنج هەزار دۆلارە".

ئەو سەرچاوەیە مەترسی ئەوەی نەشاردەوە كە ترس هەیە باندی شوێنەوار بەناوی گرووپی خۆبەخش بخزێنە ناو مووسڵ بۆ دزینی شوێنەوارە مێژوویییەكانی شارەكە و داوای لە حكوومەت كرد كە كۆنترۆڵی ئەو پرسە بكات و شار لەو گرووپانە پاك بكاتەوە.

مەترسی ئەو بەرپرسە عێراقییە لەو كاتەدایە كە بەرپرسێكی خۆجێی مووسڵ ئاشكرای كردووە كە هەڵمەتێكی دزینی شوێنەوار لەلای راستی مووسڵ دەستی پێ كردووە لەلایەن كۆمەڵێك بەناو رێكخراوەوە كە هی بەرپرسە حكوومییەكانن. گوتی "ئەوان زیاتر شوێنەواری و پارچەی شوێنەواری كەنیسەكان و ماڵە دەوڵەمەندەكان دەدزن بە ناوی لابردن و پاككردنەوەی ناوچەكە، بۆ ئەمەش پیاوانی ئاینی مەسیحییەكان ئێمەیان لەمە ئاگادار كردووەتەوە".

دورەید حازم بەڕێوەبەری شارەوانی مووسڵ دەڵێ، فرۆشتنەوەی تەرمی چەكدارە داعشەكان بووەتە پەتایەك ماوەی شەش مانگە بڵاو بووەتەوە.

مووسڵ دووەمین گەورەترین شاری عێراق، لە نۆی حوزەیرانی 2014 داعش داگیری كرد، لە مانگی ئابی 2016 حكوومەتی عێراق ئۆپراسیۆنی "قادمون یا نەینەوا"ی راگەیاند و لە كۆتای مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو لە دەستی داعش.




وشە - فه‌رمان سادق