به‌رپرسێكی گۆڕان دادگایی ده‌كرێ

:: PM:12:43:16/06/2018 ‌
هەفتەی رابرودا بەرپرسێكی بزوتنەوەی گۆڕان پێشمەرگەی بەمیلشیا ناوبرد و داوای هەڵوەشانەوەی پێشمەرگەی كرد، لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانیانی جینۆساید و زیندانی سیاسی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەر تۆمار دەكات.
 
ئەمڕۆ شەموو 16ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، شیلان شێخ جەعفەر سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان لەپەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشمەرگە ساڵانێكە تاكەهێزی بەرگریكاری خەڵكی كوردستان ناسراوە و سیبوڵی قوربانیدان و هۆكاری مانەوەی كوردە بۆیە سووكایەتیكردن بەپێشمەرگە لەلایەن هەركەسێكەوەبێ سووكایەتیە بەشكۆی نەتەوەی كورد.
 
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە دەڵێت، ناوبردنی پێشمەرگە بە میلشیا و داوای هەڵوەشاندنەوەی كارێكی زۆر نابەجێ و نادروست و قبوڵ نەكراوە بۆیە ئێمە وەك لیژنەكەمان بڕیارماندا كە سكاڵای یاسای لەسەر حاكم شێح لەتیف مستەفا پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان و كەسایەتی دیاری ئەو بزوتنەوە تۆمار بكەین.
 
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە ئاشكرای كرد وەك بڕیار بابەتی سكاڵا كۆتای هاتووە و چاوەڕوانی كۆتایی هاتنی پشووی جەژن دەكەین بۆ تۆماركردنی سكاڵاكەمان.
 
بڕیاری تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان لەكاتێكدایە كە هەفتەی پێشتر هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشتری ئەو بزوتنەوەیە لە هەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پێشمەرگەی بە میلشیا ناوبرد بوو، هاوكات بە بارگرانی بەسەرمیلەت ناوی بردبوو داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگەی كرد بوو.
 
گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - رامیار جەواد