كه‌مێك پێش ئێسته به شێوه‌یه‌كى فه‌رمى حكومەتی عیراق رێگای هاتووچۆی كەركووك - هەولێرى لە شارۆكەی پردێ كردەوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا هاتووچۆی تێدا ئاسایی بكرێتەوە.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 16ى حوزه‌یران، عەقید ئەفراسیاو كامیل، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای كەركووك له لێدوانێكى تایبه‌تدا به "وشه"ى ڕاگەیاند، لە ئەمڕۆوه رێگای كەركووك - هەولێر لای شارۆچكەی پردێ كراوەتەوە و دوای چاككردنەوەی تەواوی پردی پردێ، لە یەك، دوو ڕۆژی داهاتوودا بە تەواوی ڕێیەكە بەڕووی هاووڵاتییان دەكرێتەوە.
دواى نووسراوێكی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق، كه ئاراسته‌ی فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه هاوبه‌شه‌كان كرا و تێیدا فه‌رمانی كردنه‌وه‌ی ڕێگای سه‌ره‌كی نێوان هه‌ولێر – كه‌ركووك ده‌ركرد، ڕێگاكه كرایه‌وه.
کردنەوەی رێگاکە دوای ئەوە هات کە ئەمڕۆ شه‌موو 16ى حوزه‌یران، سەرۆك مه‌سعوود بارزانی، سەردانی بەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانى لە میحوەری پردێ كرد.
ڕێگای نێوان هه‌ولێر – كه‌ركووك له‌دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و له‌كاتی داستانه قاره‌مانییه‌كانی پردێ به ته‌واوی داخرا، پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه وانه‌یه‌كی مێژوویییان به هێزه‌كانی عێراق و میلیشیاكان دا و ڕێگریان كرد له هاتنه پێشه‌وه‌یان و تێپه‌ڕین له پردێوه بۆ ناوچه‌كانی نزیك شاری هه‌ولێر.
هه‌رچه‌نده له داستانی پردێ خیانه‌تكاران چاوساغی میلیشیاكانیان ده‌كرد و له میدیاكان ده‌هۆڵی ئه‌وه‌یان ده‌كوتا سوپای عێراق تا زاخۆ ناوه‌ستێ، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به توندی وه‌ڵامیان دانه‌وه و ئه‌برامزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان تێك‌شكاند، هه‌رچه‌نده دوای وه‌ستانی شه‌ڕ و ئاسایببوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه، له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه ڕێگاكه به ته‌واوی كرایه‌وه، به‌ڵام میلیشیاكان و سوپای عێراق تا ئێسته‌یش ڕێگاكه‌یان نه‌كردووه‌ته‌وه و خه‌ڵكی ناچارن به كۆیه و ته‌قته‌ق و شوان دا بۆ كه‌ركووك بڕۆن.