بەربەستەكانی بەردەم هەمواری یاسای چاكسازی ئاشكرا دەكرێ

:: AM:10:07:17/06/2018 ‌

دوای چوار مانگ لە گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، هێشتا مادەی سێی یاسای چاكسازی و خانەنشینی پێوەند بە مووچەی پلەباڵا هەموار نەكراوەتەوە. پەرلەمانتارێك دەڵێ "حكوومەت دەیەوێت یاساكە بە دڵی ئەو بێت و ئێمە عەیبدار بكات، ئێمەش ئەوە ناكەین".


لە كۆتای ساڵی رابردوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاسای چاكسازی و خانەنشینی پێشكەش بە پەرلەمانی كوردستان كرد، دوای مشتومڕێكی زۆر لە شەوی 27ی شوبات یاساكە پەسند كرا، دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی دژی زۆری مووچەی پلەباڵاكان و بەتایبەت پەرلەمانتار، یاساكە گەڕێنرایەوە پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی، بەڵام چوار مانگی بەسەردا تێدەپەڕێت و پەرلەمان هیچ هەنگاوێكی هەڵنەگرتووە. پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات كە كۆدەنگی لەسەر دوو پێشنیار هەیە، یان یاسای ژمارە 9ی 2014ی عێراقی یاخۆ وەك ئەوەی ئێستە هەیە بڕێكی لێ كەم بكرێتەوە. بەڵام پەرلەمانتارێكی پارتی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان پشتگیری لە نەهێشتنی خانەنشینی پلەباڵا دەكەن.

یاساكە لە 24 مادە پێكهاتووە، حكوومەت دەڵێ بە جێبەجێكردنی 100 ملیار دیناری بۆ دەگەڕێتەوە و دەتوانێت پاشەكەوتی مووچە هەڵگرێت، بەڵام پەرلەمانتارێك ئاماژە بەوە دەكات كە حكوومەت راست ناكات و بەگوتەی ئەو "حكوومەت دەیەوێت دەرماڵە نەهێڵێ، ئێمەش ئەوە ناكەین و بۆ حكوومەت خۆمان عەیبداری فەرمانبەران ناكەین".
ڤەمان فەیسەڵ پەرلەمانتاری پارتی روونی كردەوە كە دوو بۆچوون هەیە، هەڵگرتن و نەهێشتنی خانەنشینی پلەباڵا یان جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی عێراقی لە كوردستان. بەگوتەی خۆی "فراكسیۆنی پارتی پشتگیری لە نەهێشتنی خانەنشینی پلەباڵاكان دەكات".

زیاتر گوتی "بۆچوونی دووەم جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی عێراقییە، بەپێی یاساكە دەبێت ئەو كەسەی 50 ساڵ تەمەنی تێپەڕ كردبێت و خزمەتی وەزیفیشی تەواو كردبێت، ئینجا بە 70 تا 80%ی مووچەكەی خانەنشین دەكرێت". 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی، "ئەگەر خانەنشینی لە كوردستان نەمێنێت، هەنگاوێكی گرنگە بەتایبەت بۆ پەرلەمانتار كە دوای تەواوبوونی خولەكان بچنەوە سەر كاری پێشوویان، ئەم بۆچوونە تا ئێستە پشتگیری باشی هەیە و ئومێد هەیە جێگیر بكرێت".

بەڵام رێواس فایەق رەتی دەكاتەوە پێشنیاری نەهێشتنی خانەنشینی پلە تایبەت زۆرینەی فراكسیۆنەكان پشتگیری لێ بكەن، بە پێچەوانەوە، دەڵێ "ئەمە یەكێك بوو لەو سێ پێشنیارەی هەبوون، لەگەڵ دوو پێشنیاری تر، ئەوانیش جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی عێراق و یان ئەوەی ئێستە پلەباڵاكان مووچەی خانەنشینی پێ وەردەگرن، بەڵام بڕێكی لێ كەم بكرێتەوە.

"پێشنیاری یەكەم بەكۆی دەنگی فراكسیۆنەكان رەت كرایەوە" رێواس وا دەڵێت و ئەوەشی خستەڕوو "ئێستە خانەنشینی پلەباڵاكان لە نێوان دوو پێشنیارەكەی تردایە، لەدەنگدانی لیژنەشدا پێشنیاری سێیەم دەنگی بۆ درا كە كۆنەكە بێت و كەم بكرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە هۆی پەسند نەكردنی یاساكە پێوەندار نییە بە خانەنشینی پلەباڵاكان، بەڵكو بە دووپاتی دەكاتەوە "بە سێ پرسی ترەوە پێوەندارە، ئەوانیش دەرماڵە و كەمترین خانەنشینی و دوو مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و كیمیاباران".

رێواس گوتی "ئەو سێ پرسە كۆدەنگی هەموو فراكسیۆنەكانی لەسەرە و با كەس خۆی نەكات بە خاوەنی، یەكەم: ئەگەر یاسای ژمارە 9ی 2014ی خانەنشینی یەكگرتووی عێراقی بۆ مووچەی پلەباڵا جێبەجێ بكرێت، ئەوا دەبێت كەمترین مووچەی خانەنشینی لە كوردستان 400 هەزار دینار بێت، نەك 200 هەزار، جگە لەمە كاتی خۆی حكوومەت بە رێنوێنیی 42 دەرماڵەی داوە بە فەرمانبەران ئێستە دەیەوێت بە ئێمە بیبڕێت وەك لە یاساكەدا هاتووە، تا دواتر بە فەرمانبەران بڵێت من نەمبڕیوە و پەرلەمان بڕیویەتی".

ئەو مادەیە زۆر مەترسیدارە بۆ فەرمانبەران، ئەوەی حكوومەت بە بەردەوام دەیڵێ ئەگەر یاساكە پەسند بكرێت، دەتوانێت مووچە بێ پاشەكەوت بدات و 140 ملیار دینار دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنە، لە پارەی دەرماڵەیە كە باسی ناكات، بەمەش بە یاسا پاشەكەوت نامێنێت و فەرمانبەرانیش هەمان بڕی مووچەی ئێستە رەنگە كەمتریش وەرگرن! تەنیا بە بڕینی دەرماڵەكان. رێواس وای گوت.

دووپاتی كردەوە "بۆیە ئێمە دەنگی پێ نادەین و نامانەوێت لەم كۆتا خولە خۆمان عەیبداری خەڵك بكەین، ئەوە رێنوێنییە و حكوومەت دەریكردووە با خۆیشی ئەگەر بوێرێ بیبڕێت وەك لە پاشكەوتی مووچەدا پرسی بەكەس نەكرد، بۆ ئەوە بە ئێمە دەكات و لە بەرچاوی خەڵك ناشیرینمان دەكات".

رێواس فایەق باسی خاڵی سێیەكی هۆكاری پەسند نەكردنی یاساكەی كرد، كە دوو مووچەیی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و كیمیاباران و كەمئەندامان و زیندانی سیاسی و راگیراوی سیاسییە كە ژمارەیان نزیكەی 100 هەزار كەس دەبێت. بەگوێرەی یاسای عێراقی بێت ئەوانە لەسەر دامەزراوەی شەهیدانی عێراقی مووچەكانیان وەردەگرن، كەچی لە یاسای خانەنشینی هەرێمدا نووسراوە "كەس بۆی نییە دوو مووچە وەرگرێت لە بودجەی گشتی یان حكوومەتی فیدڕاڵ"، بەمە دەیانەوێت مووچەكانیان لە هەرێمی كوردستان ببڕن بەوەی لە بەغدا وەری دەگرن. 

"ئەمە گرێیەكانی بەردەم هەمواری یاساكەیە نەك مووچەی پلەتایبەت كە حكوومەت لە رێی تەلەڤزیۆنەكەی خۆی (رووداو) بانگەشەی بۆ دەكات گوایە پەرلەمانتار لەبەر خاتری خۆیان نایكەن" پەلەمانتارەكەی یەكێتی وای گوت.

وشە/ هەولێر- فەرمان و سەرخێڵ


وشە - تایبه‌ت