زەنگی خوێندنی رۆژئاوای كوردستان لە هەولێر لێدرا

:: PM:02:25:12/10/2016 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم رۆژی دەستپێكی پرۆسەی خوێندنە لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی تەناهی و ئابووری شارەكانی رۆژئاوای كوردستان، پرۆسەی خوێندن وەستاوە، بەڵام لە ناو كەمپی ئاوارەكانی رۆژئاوا لە هەولێر و دهۆك یەكەم زەنگی خوێندنی قوتابیانی رۆژئاوا لێدرا.

نەسرین كەنعان سەرۆكی دەستەی پەروەردەی كۆبانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند "بەهۆی خراپی دۆخی تەناهی و ئابوری خوێندن لە كۆبانی بۆ ئەمساڵیش پەكی كەوتووە و ناتوانرێت پڕۆسەكە بەتەواوی بەڕێوە بچێت".

هەروەها گوتی، بەشێكی زۆری مامۆستاكان چوونەتەوە شارە ئارامەكانی سوریا و بەشێكیشیان ئاوارە بوون، بۆیە بەهۆی نەبوونی مامۆستای پێویست ناتوانرێ دەست بە پرۆسەی خوێندن بكرێتەوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و لە ناو كەمپەكان، ئەمڕۆ چوارشەم بەهاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان یەكەم زەنگی خوێندنی ئەمساڵ لێدرا و هاووڵاتییانی رۆژئاوا كە نیشتەجێی ناو كەمپەكانن دەست بە خوێندنی ئەمساڵ دەكەن.

قاسم هەندانی  مامۆستا لە كەمپی دارەشەكران بۆ "وشە" گوتی، "من وەكو مامۆستایاكی سەر بە ڕێكخراوی UN  زۆر خۆشحاڵم كە بۆ ماوەی سێ‌ ساڵە خوێندن لەم كەمپانە بەردەوامی هەیە، ئێمە لێرە درێژە بە پڕۆسەیەك دەدەین كە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ فێرخوازان و قوتابیانی رۆژئاوای كوردستان".

دوای دەست پێ كردنی ئاڵۆزییەكانی سووریا لە ساڵی 2011 تا ئێستە نزیكەی 250 هەزار لە هاووڵاتییانی رۆژئاوای كوردستان ئاوارەی باشووری كوردستان بوون و لە چەند كەمپێكی هەولێر و دهۆك نیشتەجێ كران.

وشە/ڕامیار جەواد.


وشە - رامیار جەواد