خۆپێشاندان دژی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەكرێت

:: PM:04:50:19/06/2018 ‌
دژی خراپی دۆخی تەناهی و پێكنەهێنانی هێزی هاوبەش لە ناوچەكەیاندا خانەقینییەكان واژوو كۆ دەكەنەوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوویشدا مانگرتن دەست پێ دەكەن، ئەوەیش دوابەدوای ئەوەی ماوەی چەند مانگێكە دۆخی تەناهی ڕووی لە ئاڵۆزی كردووە.
 
ئەمڕۆ سێشەم 19ی حوزەیران، ئەمیر عەلی یەكێك لە رێكخەرانی چالاكییەكان بۆ "وشە" گوتی، بانگەوازیان ئاراستەی خەڵكی سنوورەكە كردووە كە لە بەرانبەر خراپی دۆخی تەناهی شارۆكەی خانەقین بێنە دەنگ، چونكە ناكرێت شارۆكەكە ببێتە گۆڕەپانی هێزی جۆراوجۆر دۆخی تەناهیش بەمشێوەیە ناجێگیر بێت.
 
زیاتر گوتی، چالاكییەكان دەست پێ دەكات و لە هەنگاوی یەكەمیشدا بیر لە مانگرتنی سەرانسەری هاووڵاتییان كراوەتەوە و هاووڵاتییان دەیانەوێ‌ چیتر لەناو قەلەقیی و ترس و دڵەڕاوكێدا نەژین.

لای خۆیەوە خەلیل موراد یەكێك لە كاسبكارانی خانەقین، بۆ "وشە" گوتی، پشتگیری ئەو بانگەوازە دەكەن و ئێستە لە دووكان و بازاڕەكاندا واژوو كۆ دەكرێتەوە تا لە ڕۆژێكی دیاری كراودا سەرجەم شوێنەكان دابخەن و مانگرتن دژی خراپی دۆخی تەناهیی ڕابگەیەنن.

هاوكات زاهید تاهیر ئەندامی لیژنەی تەناهی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دۆخی تەناهی ناوچەكەی بە ناسەقامگیر ناوبرد و بۆ "وشە" گوتی، زۆر بوونی كردەوە تیرۆریستییەكانی پێوەندی بە ڕۆڵی خراپی ئەو هێزانەوە هەیە كە لە ناوچەكەدا جێگیر كراون.

خۆپێشاندان دژی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و خراپی دۆخی تەناهیی سنوورەكە لە كاتێكدایە كە تەنیا لەماوەی مانگێكدا بەهۆی دوو تەقینەوە شەش كەس بوونەتە قوربانی.

لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو كە لەلایەن چەند كەسێكی ناو یەكێتی ئەنجامدرا و دەسەڵاتی سەربازی بەغدا هێنرایەوە ئەو سنوورانە دۆخی تەناهیی و ڕەوشی هاووڵاتییان بە تەواوی تێكچووە و ئەوەیش هاووڵاتییانی نیگەران كردووە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم