وێنە.. لە سۆران منداڵێكی ساوا لەسەر شەقام دۆزرایەوە

:: PM:05:00:19/06/2018 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 19ی حوزەیران، لە سەر رێی شارەدێی دیانای سەر بە شارۆكەی سۆران، منداڵێكی تازە لە دایكبوو لە سەر شەقام دەدۆزرێتەوە و تا ئێستە كەس خۆی نەكردووە بە خاوەنی.

رێزان باڵەك بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی لە دایكبوون و منداڵانی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ منداڵێك لە لایەن پۆلیسەوە گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و دوای پشكنینی پزیشكی دەركەوت مناڵەكە هیچ كێشەیەكی تەندروستی نییە.

زیاتر گوتی، منداڵەكە كوڕە و بەپێی پشكنینەكان تەمەنی نزیكەی 20 رۆژ دەبێت و لەسەر رێگای دیانا نزیك نەخۆشخانەی زۆزك فڕێدراوە، تا ئێستەیش كەسوكار و دایك و باوكی مناڵەكە دیار نییە.

ڕوونیشی كردەوە كە لەكاتی دۆزینەوەی منداڵەكەدا بڕی 25 هەزار دینار لەسەر سنگی منداڵەكەدا دانرابوو.

دووپاتیشی كردەوە كە هەر ئەمڕۆ زیاتر لە 20 خێزان ئامادەی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەخێوكردنی مناڵەكە، بەڵام بێ بڕیاری دادگا ناتونرێت منداڵەكە بدرێت بە هیچ كەسێك.

بەپێی ئەو ئامارەی لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران دەست "وشە" كەوتووە، تەنیا لە سێ رۆژی جەژنی رەمەزان 24 كور و 27 كچ بە شێوەی ئاسایی لە دایكبوون.

سۆران/ موڕشید برادۆستی







وشە - سه‌رخێڵ هاشم