پارتی: بڕیاری دادگای فیدرال لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی ئێمە دەبێت

:: PM:10:16:19/06/2018 ‌

شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا دووپاتی كردەوە كە بڕیاری دادگای فیدرال لەبارەی یاسای سێیەم هەماركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بۆ بەرژەوەندی پارتەكەی دەبێت و گوتی، پارتەكەی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هەر سندووقێكە كە ساختەكردن تیایدا بێتە سەلماندن بەو مەرجەی كۆمسیۆن لێوردبوونەوە بكات. 

زیاتر گوتی، ئەو داوایەی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان لەدژی یاساكە لە دادگای فیدرال كراوە لەسەر بنەمای یاسایی و دەستوورییە، چونكە وەك لە سەرەتا گوتمان پێویستە كۆمسیۆن لێوردبوونەوە لە ئەنجامدانی ساختەكاری بكات و ئێمە لەگەڵ لێكۆڵینەوە و هەڵوەشاندنەوەی هەر سندووقێكین كە ساختەكاری تیادا بێتە سەلماندن، بەو مەرجەی لێوردبوونەوەكە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ئەنجام بدرێت.

عەبدوڵا روونی كردەوە، پەرلەمانی عێراق كاتێك یاساكەی دەركرد دەسەڵاتی خۆی و دادوەری بەخۆی دا و هەزاران دەنگی تایبەتی پێشمەرگە و ئاوارەكانی هەڵوەشاندەوە، بۆیە پەرلەمان یاسا و دەستووری پێشێل كردووە بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەنگانە. 

ئەو سەركردەی پارتی ئاماژەی كرد، دیاریكردنی رۆژی 21ی ئەم مانگە لەلایەن دادگای فیدرالەوە بۆ چاوخشاندن بە داوای پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكایەتی كۆمار و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەنگاوێكی گرنگە و بڕیارەكە بۆ بەرژەوەندی ئێمە دەبێت و روونی كردەوە تیمێك لە راوێژكار و یاساناسمان هەیە كە شارەزان لەوبارەوە.

پەرلەمانی عێراق لە شەشی حوزەیران دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای سێیەم هەمواری یاسای هەڵبژاردن دا كە هەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست دەگرێتەوە، لەپاڵ سڕكردنی كاری ئەنجوومەنی كۆمسیاران، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كۆمسیۆن لە دادگای فیدرال تانە لە بڕیارەكەی پەرلەمان بدات كە دادگاكە 21ی ئەم مانگەی بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە دیاری كردووە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل