تەندروستی كوردستان لەسەر برنجی پلاستیكی ڕوونكردنەوە دەدات

:: AM:09:09:20/06/2018 ‌
بەرپرسێكی تەندروستی خۆراك دڵنیایی بە هاووڵاتییان دەدات لەسەر ئەو جۆرە برنجەی لە بازاڕەكان هەیە و ئاشكرای دەكات، بە ماوەی هەفتەیەكیش برنج كرم دروست ناكات، ئەگەر شوێنەكەشی نەگونجاو بێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 20ـی حوزەیران/ یۆنیۆ، لەشكر حەمید سەرپەرشتیاری لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ڕوونكردنەوەیەكی گوتی، چەند ڕۆژێكە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی گرتەیەكی ڤیدیۆی بڵاو بووەتەوە لەسەر چەند جۆرێكی برنج، كە لەگرتە ڤیدیۆیەكەدا برنجەكە كرم دروست دەكات یان دەبێت بەكرم كە گوایە پلاستیكە.

سەرپەرشتیاری تەندروستی خۆراك ئاماژەی دا، لێرەوە ڕوونی دەكەمەوە كە ئەوەی دەگوترێت هیچ بنەمایەكی زانستی نییە، برنج ئەگەر لە پلەی گەرمی گونجاودا لە خوار (25) پلەوە هەڵبگیرێت لە شوێنێكی وشك و فێنك هەوا گۆڕكێ بكات، بە دڵنیایییەوە خراپ نابێت، بەڵام ئەگەر لە پلەی گەرمی بەرز و گەرم و شێدار و هەواگۆڕكێ نەكات و ئەسپێ و كرم و زیندەوەر دروست دەكات، بەڵام بە دڵنیایییەوە بۆ ماوەی هەفتەیەكیش وای لێ نایەت.

لەشكری زیاتر گوتی،  دەگوترێت برنجەكە پلاستیكییە، بەڵام پێشتر پشكنین بۆ سەرجەم برنجەكان كراوە هیچ مەوادێكی پلاستیكی بوونی نییە، ئەگەر پلاستیك بێت بەدڵنیایییەوە خراپ نابێت، بۆیە دڵنیایی دەدەم بە هەموو هاووڵاتییان ئەو گرتە ڤیدیویە تەنیا بۆ دروست كردنی دڵەڕاوكێیە و هیچ بنەمایەكی زانستی نیە و ڕاست نیە.

لە ڕۆژانی جەژنەوە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەتەوە باس لەوە دەكرێت جۆرە برنجێك لە بازاڕەكانە كە سەرچاوەی دروستبوونی كرمە و داوا دەكرێت هاووڵاتییان لێی دووربن.



وشە - رامیار جەواد