گوتەبێژی كۆمسیۆن باس لە دوا ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن دەكات

:: PM:02:28:20/06/2018 ‌


دوای دابینكردنی بودجە، چاوەڕوان دەكرێت بەمنزیكانە تەندەری كڕینی حبر و پێداویستییەكانی تر لەلایەن كۆمسیۆنەوە بدرێتە كۆمپانیا تایبەتمەندەكانی پێوەند بە هەڵبژاردن، دوای راپۆرتی هەفتەی رابردووش ئەنجوومەنی كۆمسیاران چاوەڕوانی راپۆرتی دووەم لە سەرۆكی كارگێڕی هەڵبژاردن دەكات پێوەند بە تۆماری دەنگدەران كە زۆرترین مشتومڕی لایەنە سیاسییەكانی لەسەرە. گوتەبێژی كۆمسیۆن دەڵێ لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیار لەسەر تۆماركردنی هاوپەیمانی دەدرێت.

بڕیارە لە 30ی ئەیلول/ سێپتێمبەری ئەمساڵ، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، تا ئێستە 38 هێز و لایەنی سیاسی خۆیان تۆمار كردووە، دوێنێ 19ی حوزەیران، یەكەم هاوپەیمانی سەردانی كۆمسیۆنی كرد بۆ خۆ تۆماركردن.
شیروان زرار گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان دەڵێ، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی كۆمسیۆن كە بڕیارە سەعات 12 ئەنجام بدرێت بڕیار لەسەر تۆماركردنی هاوپەیمانی دەدرێت، كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هاوپەیمانی تۆمار بكرێت یان نا.

شیروان روونی كردەوە، ئەو هاوپەیمانیەتییەی ویستی خۆ تۆماركردنی هەبوو، رێوشوێنەكانی تەواو نەكردووە و ئەمڕۆ چوارشەم دەبێت تەواوی بكات، بەڵام بڕیار تۆماركردنی هاوپەیمانی نەدراوە، بۆیە ئەو پرسە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كوردستان دەخرێتە بەرباس و بڕیاری لەسەر دەدرێت، گوتی "تەنانەت پرسی درێژكردنەوەی ماوەی هاوپەیمانی و هێزە سیاسییەكانیش لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی كۆمسیاران قسەی لەسەر دەكرێت".

یەكێك لەو پرسانەی لە هەڵبژاردنەكانی رابردووش جێی مشتومڕی لایەنە سیاسییەكان بوو بەرانبەر بە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی كە سەرپەرشتی هەردوو هەڵبژاردنی 2009 و 2013ی پەرلەمانی كوردستانی كرد، تۆماری دەنگدەران و دەنگدانی تایبەت بوو، بە قسەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان بێت، ئەوا وەزارەتی تەندروستی ناوی سەرجەم مردووەكانی داوە بە كۆمسیۆن، ئەوەی ماوەتەوە ژمارەی هێزی چەكدارە كە خۆی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ناوەخۆ، ئاسایش، هەردوو یەكەی حەفتا و هەشتای یەكێتی و پارتی دەبینێتەوە.

شیروان زرار لەبارەی تۆماری دەنگدەران دەڵێ، هێشتا ماوە پاك بكرێتەوە، دەبێت تا سەرەتای مانگی تەمووز سەرۆكی كارگێڕی هەڵبژاردن راپۆرتی كۆتای خۆی لە بارەی تۆماری دەنگدەران بداتە ئەنجوومەنی كۆمسیاران، گوتی "هەندێك هەنگاوی باشی ناوە بەڵام كۆمەڵێك قۆناغی تریشی ماوە كە پێویستی بە وردەكاری زیاتر هەیە، سەرۆكی كارگێڕی  هەفتەی رابردوو راپۆرتێكی دایە ئەنجوومەن، بەڵام هەندێك گرفتیان مابوو كە پێویستی بە بڕیاری ئەنجوومەن هەبوو، ئەوەیان بۆ كرا، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت سەرەتای مانگی داهاتوو راپۆرتی كۆتا بدەنە ئەنجوومەن". گوتی "پرسی تۆماری دەنگدەران، كێشەیەكی كەڵەكەبووی ساڵی 2007، هەوڵەكان بەردەوامە بۆ پاككردنەوەی و ئەگەریش پێویستی كرد كۆپی لێ دەدەین بە لایەنە سیاسییەكان و میدیاكان".

گوتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی كوردستان، لە دیمانەیەكی پێشتریدا لەگەڵ هەفتەنامەی "وشە" لەبارەی تۆماری هێزی چەكدار لە كوردستان، ئاماژەی بەوەدا بوو كە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوەخۆ ئامادەیییان دەربڕیوە تۆماری خۆیان بدەن بە كۆمسیۆن، بەڵام لەبەر هەستیاری پرسەكە نایانەوێت ژمارەكە لە میدیاكان بڵاو ببێتەوە.

پرسی تۆماری هێزی چەكدار لە كاتێكدایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2015 بەرنامەی بایۆمەتری بۆ فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان راگەیاند، هیوا ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی پێشتری لەگەڵ "وشە" ئاشكرای كرد لە كوردستان 281 هەزار كەس مووچەی سەربازی وەردەگرن، هەروەها خانەنشینی سەربازیش 133 هەزار و 435 كەسن.

لەبارەی سوود وەرگرتن لە تۆماری بایۆمەتری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنەوە، شیروان زرار دەڵێ ئەوەیان لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا كردووە، ئەویش بەڵێنی داوە لیستەكە بە كۆمسیۆن بدات. گوتی "بەڵام كۆمسیۆن دەیەوێت هێزی چەكدار لەگەڵ دەنگدەری گشتی دەنگ بدات، تەنیا ئەوانە نەبێت كە لە 28ی ئاب/ ئۆگستس لە ئەركدا دەبن تا پرۆسەی دەنگدانی گشتی تەواو دەبێت، ژمارە و ناوی ئەوانە داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوەخۆ كراوە بیداتە كۆمسیۆن تا لە دەنگدانی تایبەت، دەنگ بدەن"، زیاتر گوتی "وەزارەتی پێشمەرگە بیرۆكەكەی پێ باش بوو، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا لێك تێگەیشتن بكەین".

هەریەكە لە ئەنجوومەنەكانی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بە نووسراوی فەرمی داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەكان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت، بۆ ئەمە گوتەبێژی كۆمسیۆن دەڵێ هێشتا بە فەرمی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران نووسراو بۆ كۆمسیۆن نەكراوە، ئەو هەڵبژاردنەش هاوشانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 30ی ئەیلوول ئەنجام بدرێت. گوتی "تەنانەت هی سەرۆكایەتی هەرێمیش داوا نەكراوە، بۆیە كۆمسیۆن ئامادەكاری تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات نەك ئەنجوومەنی پارێزگاكان و سەرۆكایەتی هەرێم كە پێویستیان بە مەرسوومی هەرێمایەتی هەیە كە لە دەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیراندایە".

هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە تەنیا 100 رۆژی ماوە، لە كۆبوونەوەی دوێنێ 19ی حوزەیران، حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشان دا لەسەر بودجەی هەڵبژاردن كە 23 ملیار دینارە، هەر دوێنێ بڕیای دا كە 10 ملیار دینار بخرێتە سەر حیسابی بانكی كۆمسیۆن بۆ ئامادەكارییەكانی و ئەوەی تریشی بە دوو پشك بدرێتە كۆمسیۆن، یەكەمیان لەكاتی ئەنجامدانی پڕۆسەكە و ئەوەی تریش لە كۆتای تەواوبوونی پرۆسەكە.

شیروان زرار دەڵێ كۆمسیۆن دەستی بە ئامادەكارییەكان كردووە لە رووی لۆجستییەوە هەر لە دابینكردنی حبر تا دەگات بە كاغەز و پێویستی تر. گوتی "ئەوانە كراونەتە تەندەر لە ئەنجوومەنی كۆمسیاران، ماوەتە بدرێتە كۆمپانیای تایبەتمەند بۆ دابینكردنی".

پێوەند بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان كە دوای بەڕێوەبردنی ریفراندۆنی 25ی ئەیلوولی 2017، دەبێتە یەكەمین ئەزموونی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی. گوتەبێژی كۆمسیۆنەكە دەڵێ، سوودیان لە كەموكوڕییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەرگرتووە كە هێشتا ئەنجامەكەی قبووڵ نەكراوە بەهۆی كەموكوڕی زۆر و ساختەكارییەوە. ئەزموونی عێراق و وڵاتانی ترمان لە بەردەمدایە، ئەوەی پێویست بێت لەسەر كۆمسیۆن ئەنجامی دەدەین و هەموو هەوڵێك دەدەین تا هەڵبژاردنەكە بە دڵی هەموو لایەنە سیاسییەكان بێت، بەڵام 100% بێ كەموكوڕیش نابێت و هیچ پرۆسەیەك نییە بێ كەموكوڕی، چونكە كۆمسیۆنەكە خاوەنی تۆماری تایبەت بەخۆی نییە، وا سەرقاڵی دروستكردنی تۆمارین و بژاریشی دەكەین، لایەنە پێوەندارەكانیش رەنگە هەندێكیان وەك پێویست هاوكاری كۆمسیۆن نەبن".



وشە - فه‌رمان سادق