یەكێتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان وەردەگرێتەوە

:: PM:03:47:20/06/2018 ‌
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پرسی وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەخاتەوە بەرباس و داوایش لە مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە كراوە هەوڵی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە گۆڕان بدات، بەڵام مەكتەبی سیاسیی بێدەنگە.

پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەپێی ڕێككەوتنی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێویستە دوو ساڵ بە دوو ساڵ ئاڵوگۆڕی تێدا بكرێت و ئێستە كە هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پشكی گۆڕان لەو پۆستەیە دوو ساڵەكەی تەواو كردووە و یەكێتی داوای ئەو پۆستە دەكاتەوە.

سەرچاوەیەكی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوایان لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كردووە كار بكات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان، بەڵام تا ئێستە ئەو زەوینەیە نەڕەخساوە لەوبارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان بكرێت.

سەرچاوەكە گوتی، دوودڵی بە مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەوە دیارە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و بەشێكیان دەیانەوێ‌ تا كاتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بەمشێوەیە بمێنێتەوە.

لای خۆیەوە ئاڤان جەمال ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی گوت، ڕاستە بەپێی ڕێككەوتنەكە دوو ساڵ بە دووساڵ پۆستەكە ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێت، بەڵام تا ئێستە بە ڕژدی هیچ كۆبوونەوەیەك لەسەر ئەو پرسە نەكراوە.

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی دووپاتی كردەوە كە لە هەلومەرجێكی وا بەپێویستی نازانن قسە لەبارەی وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لە گۆڕان بكەن.

قسەكردن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەكاتێكدایە كە پێشتر سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دراوەتەوە یەكێتی و پارێزگار بۆ گۆڕان بووە، بۆیە لە هەر حاڵەتێكی گۆڕانكاری ئەو پۆستانە وەك ئێستە نامێنن و كەسی تر دادەنرێت.
 






وشە - سه‌رخێڵ هاشم